جیهان

کاردانەوەکانی بێسەروشوێن بوونی جەمال خاشقچی زیاتر دەبن


ھەفتەیەک بەسەر دیارنەمانی "جەمال خاشقچی" رۆژنامەنووسی  دیاری سعودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە "ئەستەنبوڵ" تێپەڕدەبێت. ھەر لە سەعاتەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو ھەواڵە و تا ئێستاش، کاردانەوەکان لەسەر چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە بەردەوامیان ھەیە و زنجیرەیەک کاردانەوەی جۆراو جۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە. 

لە دوایین پێشھاتیشدا، رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، تورکیا لە رێگەی پشکنینی کامێراکانی چاودێری بە دوای بارھەڵگرێکی رەشدا دەگەڕێت کە لە کونسوڵخانەی سعودیە لە "ئیستەنبوڵ" چۆتە دەرەوە و، پێیانوایە ئەو بارھەڵگرە یەکێکە لەو ٦ ئۆتۆمبێلەی کە تیمێکی سعودییان گواستۆتەوە و، دەستیان لە دیارنەمانی "خاشقچی" ھەیە.

لێپرسراوانی تورکیا راشیانگەیاندووە، ئەو بارھەڵگرە دوو سەعات دوای چوونی "خاشقچی" بۆ کونسوڵخانەکە، ئەو شوێنەی بەجێھێشتووە.

لای خۆشیەوە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیا داوای لە دەسەڵاتدارانی سعودییە کردووە بە بەڵگە بیسەلمێنن "خاشقچی" کونسوڵخانەی سعودییەی لە ئیستەنبوڵ بەجێھێشتووە و، ناھێڵن ئەو دۆسێیە ھەروا تێپەڕببێت.

دەنگی ناڕەزایی لەبەرامبەر چارەنوسی جەمال خاشقچی لەنێو ھاوپەیمانەکانی شعودیەشدا سەریھەڵداوەو، "دۆناڵد ترامپ"  سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنووسە سعودییە پیشانداو، داوای لە "ریاز" کردووە لێکۆڵینەوەی گشتگیر دەستپێبکات.

ھیواشی خواست ئەو دۆسێیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و، تا ئێستا ھیچ کەس زانیاری تەواوی لەبارەیەوە نییە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش ئەو رووداوەی بە زۆر مەترسیدار وەسف کردووەو، رایانگەیاندووە لەگەڵ حکومەتی سعودییە ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان ئاشکرا بکەن.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا بەردەستن و بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت "خاشقچی"یش چووبێتە پاڵ ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەی روبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە بەھۆی جیاوازی بیرو بۆچوونی سیاسییانەوە.

ئەوەش یەکەم جار نییە کە کەسێکی دیار لە خاکی تورکیا روبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبێتەوە و، یەکەم جاریش نییە کە ناوی وڵاتی سعودییە دەبەسترێتەوە بە دۆسێی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینەوە.

دروستبوونی ئەو رووداوە ھاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگەکان دژ بە سیاسەتی سعودییە لەگەڵ چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ.

پرسیاری ئەوەش دێتە ئاراوە کە ئایا ئەو دۆسێیە تا چەند پەیوەندییەکانی سعودیە و وڵاتانی جیھان تێکدەدات و، سعودییە روبەڕووی قەیرانێکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا دەکاتەوە یاخود نا؟.



2 مانگ پێشتر - Oct 9 2018 1:26PM
Print Friendly and PDF
زیاتر