هەمەڕەنگ

ئایا لایەنگرانی نەچوونە سەر مانگ راست دەکەن؟


دوای ئەنجامدانی گەشتی ئەپۆلۆ 11 بۆسەر رووی مانگ، هەر زوو لەلایەن ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە سەرانسەری جیهان ئەو گەشتە بە سیناریۆ و پیلانگێڕی لە قەڵەم درا، وەك بەڵگەش، شوێن پێ و پێڵاوەکەی ئارمسترۆنگ بەراورد دەکەن و دەڵێن: شوێن پێکەی سەر مانگ لەگەڵ ژێر پێی پێڵاوەکەدا یەکناگرێتەوە.

لە 20ی تەمووزی ساڵی 1969 یەکەم گەشت بۆسەر رووی مانگ لەلایەن ئەپۆلۆ 11 ئەنجامدرا و نیڵ ئارمسترۆنگ یەکەم مرۆڤ بوو لەسەر رووی مانگ هەنگاوی نا، وەك دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی، وێنەی ئەو شوێن پێیە گیرا و لەو کاتەدا لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی سەر زەوی، بڕوایان بەو دۆزینەوە زانستیە نەکرد و وەك پیلانگێڕیەكیان دانا، ئێستاشی لەگەڵدابێت، چەندین کەس هەن لەسەر ئەو بڕوایە ماون.

دوای گەڕانەوەی تیمی ئەپۆلۆ 11 بۆسەر زەوی، چەند کەلوپەلێکیان لە مۆزەخانەی سمیتسونیان هەڵگیران، بەڵام لایەنگرانی تیۆری پیلانگێڕیی وێنەیەکیان وەك بەڵگە بەکارهێنا بۆ نەچوونە سەر رووی مانگ لەلایەن مرۆڤەوە، ئەویش وێنەی شوێن پێی نیل ئارمسترۆنگ بوو لەگەڵ ژێری پێڵاوی بەدلەکە، کە شوێنپێکەی سەر مانگ چەند هێڵێکی دروستکردووە، بەڵام ئەو هێڵانە لە ژێر پێڵاوەکەدا نابیندرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بۆچوونەکەی لایەنگرانی نەچوونە سەر مانگ لەجێی خۆیدا نییە، بەپێی بەدواداچوونەکانی پێگەی ئیندیپێندینتی بەریتانی، هۆکاری جیاوازیی شوێن پێکەی سەر مانگ و ژێر پێڵاوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کاتی خۆی لەسەر مانگ بەسەر پێڵاوەکەوە بۆ ئاسانکاریی رۆیشتنی کەسەکە ئامێرێکی تر دەبەسترا، ئەوەش بە تەواوەتی هاوشێوەی وێنەی شوێن پێکەیە.

جگە لەمەش، ئەو بەدلە و پێڵاوەی لە مۆزەخانەکەدایە بۆ نیل ئارمسترۆنگ ناگەڕێتەوە، بەڵکو هی ئاسمانگەڕێکی ترە بەناوی باز ئالدرین.

 


هەفتە پێشتر - Oct 8 2018 11:10AM
Print Friendly and PDF
زیاتر