کوردستان

پارێزگاری نوێی هەڵەبجە دەستبەکار بوو


لەرێوڕەسمێکدا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری ھەڵەبجە بەڕێوەچوو و ئازاد تۆفیق وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکار بوو.

ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە  ٢٠١٨/١٠/٨ لە رێوڕەسمێکدا پرۆسەی ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگاری ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیشدا، عەلی عوسمان، پارێزگاری پێشووی ھەڵەبجە بە وەکالەت پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئازاد تۆفیق ، پارێزگاری نوێی ھەڵەبجە کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، بەڵێنیشی دا، لە داھاتوودا ئەگەر لە ھەر پۆستێکی ئیداریدا دەستبەکارببێت پشتیوانی پارێزگاری ھەڵەبجە و ستافی ئیدارەی پارێزگاکە دەبێت.

دواتر، ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای بەیادھێنانەوەی ئازار و مەینەتی و خەبات و تێکۆشان و دەوڵەمەندیی فەرھەنگ و کەلتوری ھەڵەبجە، رایگەیاند: نەک تەنیا کوردستان و عێراق قەرزاری ھەڵەبجەن، بەڵکو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی قەرزاری ئەم شارەیە و قەرزیش دەبێت بدرێتەوە.

لە درێژەی وتەکانیدا، ئازاد تۆفیق رایگەیاند: ئێمە لە قوربانیانی خۆمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆشنابین، چونکە ئێمە دەتوانین کارێک بکەین عێراق لەسەر دەستی ئێمە دەگۆڕێت.

راشیگەیاند: ئێمە ھەموومان وەک ستافی ئیدارەی پارێزگا قەرزاری ھەڵەبجەین، بۆیە پێش ئەوەی عێراق و بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزی ھەڵەبجە بداتەوە، پێویستە ئێمە یەکەم جار خۆمان قەرزی ھەڵەبجە بدەینەوە.



هەفتە پێشتر - Oct 8 2018 10:16AM
Print Friendly and PDF
زیاتر