جیهان

ئیندۆنیزیا بەنیازە دوو شارۆچکە بکاتە گۆڕی بەکۆمەڵ


ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی هەفتەی رابردووی دوورگەی سولاویسیی ئیندۆنیزیا گەیشتە 1944 کەس و تا ئێستاش چەندین تەرمیش لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەکاندا ماون.

محەمەد تەوهیر، وتەبێژی سوپای ئیندۆنیزیا رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی قوربانیانی بوومەلەرزەکە، تەرمی 1944 قوربانی لە شاری بالوو و دەوروبەری دۆزراونەتەوە.

وتەبێژەکەی سوپای ئیندۆنیزیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە بەرزتر ببێتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر بێسەروشوێن هەن و پێشبینیش دەکرێت لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندابن.

تا ئێستاش هەزاران کەس بێ ماڵ و حاڵن و لەلایەن سوپا و رێکخراوە ناحکومیەکانەوە هاوکاری و پێداویستیە سەرەتاییەکانیان بۆ دەستەبەردەکرێت. 

لێپرسراوانی ئیندۆنیزیا خەمڵاندوویانە، نزیکەی 5 هەزار کەس بێسەروشوێنن، هەروەها لەبەر زۆریی ئەو ژمارە زۆرە قوربانیەش، حکومەتی ئەو وڵاتە بیری لەوە کردووەتەوە، هەردوو شارۆچکەی بیتوبو و بالاروای سەر بە شاری بالوو فەرامۆش بکات و بیانکات بە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ.

هەفتەی رابردوو، بوومەلەرزەیەك بە گوڕیی 7.5 پلەی رێختەر دوورگەی سولاویسیی ئیندۆنیزیای هەژاند و بووە هۆی روودانی تسۆنامی.



هەفتە پێشتر - Oct 8 2018 8:55AM
Print Friendly and PDF
زیاتر