عێراق

سەدر داوایەک ئاڕاستەی عادل عەبدولمەھدی دەکات


موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوا دەکات پۆستە ئەمنییە باڵاکان لەلایەن عادل عەبدولمەھدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەت، بەڕێوەببرێن.

سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بەپێویستی زانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و تەنانەت دەزگا ئەمنییە ھەستیارەکانیش، لەلایەن خودی عادل عەبدولمەھدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق بەڕێوەببرێن و کاندیدی کوتلە سیاسییەکان، لەو پۆستانە دووربخرێنەوە.

موقتەدا سەدر ماژەی بەوەشکردوە، سەرجەم پۆست و پلە وەزیفییەکانی تر کە لە پۆستی وەزارەت کەمتر نین، پێویستە بەپێی بنەمای یاسایی و پسپۆڕی و شارەزایی رەچاو بکرێن و دووربن لە بەشبەشێنەی سیاسی.

لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوەیەک لە ھاوپەیمانی بونیاد رایگەیاندوە، یەکەمجار موقتەدا سەدر پێشنیاری کاندیدکردنی عادل عەبدولمەھدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق کردووەو ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش پشتگیری لە پێشنیارەکەی سەدر کردووە.



2 مانگ پێشتر - Oct 6 2018 8:33PM
Print Friendly and PDF
زیاتر