هەمەڕەنگ

فیرعەون بووە خاوەن پاسپۆرت


فیرعەون رامسیسی دووەم دوای تێپەڕبوونی 3000 ساڵ بەسەر مردنیدا، لە ساڵی 1976بە مەبەستی گەیاندنی مۆمیاکەی بۆ فەڕەنسا، پاسپۆرتی مسڕییان بۆ دەرکرد.

لە ساڵی 1970 کاندا، بەهۆی ئەوەی مۆمیای رامسیسی دووەم لە رەوشێکی دژواردابوو، حکومەتی میسڕ بۆ هێشتنەوە و پاراستنی ئەو سەروەتە دێرینە، داوای هاوکاری لە وڵاتانی بیانی کرد، فەڕەنساش بەهۆی بوونی چەندین کەسی شارەزا بە باشترین وڵات دانرا هەتا ئەو ئەرکەی پێبسپێردرێت.

دوای ئەوەی فەڕەسا رەزامەندیی نیشاندا، دەبوو مۆمیای رامسیسی دووهەم بگوازنەوە بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو حکومەتی میسڕ پاسپۆرت بۆ فیرعەونەکە دەربهێنێت لەکاتێکدا 3000 ساڵ پێش ئێستا مردووە.

بەهۆی ئەوەی لە یاساکانی میسڕدا هاتووە، پێویستە هەموو گەشتیارێکی میسڕی (چ زیندوو _ چ مردوو) بۆ گەشتی دەرەوە وڵات پێویستە هەڵگری پاسپۆرتی میسڕی بێت، دەبوو پاسپۆرتیش بۆ رامسیسی دووهەم دەربهێندرێت، بەڵام بە رای چەند توێژەرێک، دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ فیرعەونەکە بە مەبەستی زامنکردنی گەڕانەوەی مۆمیاکەیە لە فەڕەنساوە بۆ میسڕ. 

دوای گەیشتنی مۆمیاکە بۆ فەڕەنسا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پاریس پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا، لە پشکنینەکانیشدا چەند نهێنییەک ئاشکرابوو، لەوانە، رامسیسی دووهەم خاوەنی پرچێکی سوورە و درێژیی باڵاشی پێنج پێ و حەوت ئینج بووە و چەندین زام و برینداریی جەنگیش بەسەر جەستەیەوە هەبووە، هەروەها دەریشکەوت فیرعەون نەخۆشیی هەوکردنی جومگەی هەبووە و ددانەکانیشی دەرهێندراون، دوای ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەریەکە، مۆمیاکە گەڕێندرایەوە بۆ میسڕ.

رامسیسی دووهەم، بەهێزترین فیرعەونی میسڕی دێرین بووە و لە سەدەی 12ی پێش زاییندا بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ فەرمانڕەوایەتی کردووە، هەروەها سێهەم فیرعەونی 19هەمین خێزانی فەرمانڕەوایانی میسڕیشە.



هەفتە پێشتر - Oct 6 2018 4:43PM
Print Friendly and PDF
زیاتر