عێراق

کۆمسیۆن ئەنجامەکان راناگەیەنێت


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی ئەمڕۆ ئەنجامەکان راناگەیەنێت و، سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش رایگەیاند:"پەلەمان لێ مەکەن لەڕاگەیاندنی ئەنجام، بەڵکو پەلە بکەن لەوردبینی دروست"، جەختیشدەکاتەوە، سکاڵا لەسەر ھەموو ئەو ھێزە ئەمنیانە تۆماردەکەن کە دەستدرێژیان کردۆتە سەر کارمەندانی کۆمسیۆن.

ھەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لەھەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری ھەولێر ڕەتیکردەوە، ئەمڕۆ کۆمسیۆن ھیچ ئەنجامێک ڕابگەیەنێت و ھیچ وادەیەکیشی دیارینەکرد.

وتیشی:"ئێمە دوو ئەنجاممان ھەیە، ئەوانیش (بەرایی و کۆتایی)، ئێستاش کۆمسیۆن سەرقاڵی وردبینیە بەئامادەبونی نوێنەری قەوارەکان بەشەوو ڕۆژ، ھەموو ئەو ڕێکارانەی تایبەتن بەوردبینی، ھەرکات کۆتاییھات ئەوکات ئەنجامی سەرەتایی ڕادەگەیەنین".

کۆمسیۆن ژمارەی ئەو سکاڵایانەشی ئاشکراکرد کە لەهەڵبژاردنەکە تۆمارکراون و رایگەیاند: "بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان وەکو کۆمسیۆن ٤٢٥ سکاڵامان پێگەیشتوە، تا سەرجەم ئەو سکاڵایانە یەکلانەبێتەوە، ئەنجامی کۆتایی ڕاناگەیەنرێت، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری پێویستی بەلێکۆڵینەوەی ورد ھەیەو پێویستیشە وەڵامی ھەموو سکاڵاکان بدرێتەوە".
داوایەکیشی ئاراستەی لایەنەکان و میدیاکان کردو داوایکرد، پەلەیان لێ نەکەن لەڕاگەیاندنی ئەنجام، بەڵکو زیاتر جەختبکەنەوە لەوردبینی.
وتیشی:"ھەڕەشە لەکارمەندانمان کراوە لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان، ئێمەش وەکو کۆمسیۆن جەختدەکەینەوە، ھەموو ئەو ھێزە ئەمنیانە ڕوبەڕوی دادگا دەکەینەوەو بۆ ئەوەش پارێزەرمان گرتوەو لەدادگا سکاڵا تۆماردەکەین و دەبێت سزا بدرێن و لێیان خۆش نابین".



2 مانگ پێشتر - Oct 3 2018 11:02AM
Print Friendly and PDF
زیاتر