وەرزش

گۆڵپارێزی ھەڵبژاردەی روسیا وازھێنانی راگەیاند


ئیگۆر ئەکنیفیەڤی کاپتن و گۆڵپارێزی ھەڵبژاردەی روسیا وازھێنانی لە یاری نێودەوڵەتی لەگوڵ ھەڵبژاردەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا دەیەوێت ھەموو سەرنجی لەسەر بەردەوام بوون بێت لەگەڵ یانەی سیسکا مۆسکۆ.

ئەو گۆڵپارێزە لە رێگەی بەیاننامەیەک کە پێگەی رەسمی یانەی سیسکا مۆسکۆ بڵاویکردۆتەوە ھەواڵی وازھێنانی راگەیاندووە کە نووسیویەتی: دوای ١٥ ساڵ یاریکردن لەگەڵ ھەلبژاردەکەم ئێستا کارکردن لەگەڵ ھەڵبژاردە و یانەکەم زۆر قورس بووە، بۆیە ناتوانم بەردەوام بم.

نووسیویشیەتی: درکم بەوە کردووە ئێستا کاتی ئەوەیە شوێنەکەم بۆ گۆڵپارێزانی لاو چۆڵ بکەم بۆ ئەوەی بێنە پێشەوەو خۆشم ھەموو سەرنجێکم لەسەر یاریکردنی یانەکەم بێت.

ئەکنیفیەڤ لە مۆندیالی ٢٠١٨ی روسیا یەکێک بوو لە دیارترین ئەستێرەکانی ھەڵبژاردەکەی کە بەھۆی لێھاتووییەکەیەوە ھەڵبژاردەکەی گەیاندە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

لەو بارەیەشەوە ئەو گۆڵپارێزە وتی: جێگەی شانازیم بوو کاپتنی ھەڵبژاردەی روسیا بووم لە مۆندیالێک کە وڵاتەکەم رێکی خست.



2 هەفتە پێشتر - Oct 2 2018 4:30PM
Print Friendly and PDF
زیاتر