ئابوری

ئەمریکا و کەنەدا رێککەوتنێکی نوێ ئیمزا دەکەن


کەنەدا و ئەمریکا رێککەوتنێکی بازرگانی نوێ وەک جێگرەوەیەک بۆ نەفتا ئیمزا دەکەن.

رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەمریکا تا زیاترکۆنترۆڵی بازاری بەرھەمە شیرەمەنییەکانی کەنەدا بکات.

 لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا داوای گفتوگۆکردنی کردووە دەربارەی رێککەوتنی نەفتا، بەڵام وادیاربوو کەنەدا لەو رێککەوتنە دەکریتە دەرەوە، بۆیەش ئەمریکا بەڵێنی دا، ئەگەر گفتوگۆ دەربارەی بازرگانی بکەن ئەوا رێککەوتنەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ مەترسییەکیش بۆ کەنەدا دروست ناکات.

 (کریستیا فریلاند) وەزیری کارو باری دەرەوەی کەنەدا و (رۆبێرت لایتھیزەر) نوێنەری بازرگانی ئەمریکا لە پەیامێکیاندا ئەوەیان راگەیاند،ئەمڕۆ کەنەدا و ئەمریکا بە ھاوبەشی لەگەڵ مەکسیک، گەشتنە رێککەوتنێکی نوێی بازرگانی ھاوچەرخ بۆ سەدەی ٢١ .

ھەر لە پەیامەکەشدا ھاتووە " رێککەوتنەکە دەبێتە ھۆی پێکھێنانی بازارێکی ئازاد، بازرگانییەکی یەکسان و بەرزبوونەوەیەکی بەھێزی دارایی بۆ جوتیار و کرێکاران و خاوەن کێڵگەکان." 

ئەم رێککەوتنە دوای ئەوەدێت کە ئەمساڵ ئەمریکا باج و گومرگێکی زۆری بەسەر بەرھەمەکانی (پۆڵا و ئەلەمنیۆم) کە لە مەکسیک و کەنەداوە رەوانەی ئەمریکا دەکرێن سەپاندبوو.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەی ئاشکراکردووە کە جوتیارانی ئەمریکا ٣.٥٪ ی بازاری بەرھەمە شیرەمەنییەکانی کەنەدا بەڕێوە دەبەن لە دوای رێککەوتنەکەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە کە باجی سەر ئۆتۆمبێل لە کەنەداوە بۆ ئەمریکا ھەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆرانکاری بەسەردا نایەت.



3 مانگ پێشتر - Oct 1 2018 9:56AM
Print Friendly and PDF
زیاتر