وەرزش

لۆپیتیگی پێی وایە سیڤیا شایەنی سەرکەوتن بووە


جولین لۆپیتیگی راھێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، پێی وایە سیڤیا لە تیپەکەی باشتر بووە و شایەنی سەرکەوتن بوون و رەتیشی کردەوە بەشداری یاریزانەکانی لە ئاھەنگی فیفا ھۆکاری ئەو شکستە بێت.

لۆپیتیگی دوای یارییەکە وتی: سیڤیا زۆر لە ئێمە باشتر بوون و شایەنی سەرکەوتن بوون، گێمی یەکەم بەباشی گوشارمان نەکرد بۆیە ٢ گۆڵی خێرامان لێکرا، نزیک بووین لەوەی گێمی دووەم گۆڵ بکەین کە ئەمە زۆر شتی دەگۆڕی، بە کورتی یارییەکە بۆ ئێمە خراپ بوو بۆ سیڤیاش باشبوو. 

وتیشی: ئێمە دەمانویست گوشاریان بخەینە سەر، بەڵام بەو شێوازە نەمان کرد کە پێویستبوو، سیڤیا لە ھەموو روویەکەوە باشتر بوون.

سەبارەت بە کاریگەری ئەم یارییەش لەسەر یاری دێربی مەدرید وتی: کاتێک سەرکەوتن تۆمار دەکەین بەشێوەی ئاسایی خۆمان بۆ یاری داھاتوو ئامادە دەکەین، لەکاتی شکستیش ھەمان کار دەکەین، ھەموو تیپەکان ٣ رۆژ جارێک یاری دەکەن، کارێکی قورسمان لەبەردەمەو دەبێت بە باشترین شێوە ئامادەکاری بکەین.

سەبارەت بە ھۆکاری شکستەکەش وتی: ھەڵەیە ئەگەر بڵێین ئاھەنگی فیفا ھۆکاری شکستەکەیە، ئێمە دۆڕاین چونکە باش نەبووین.



3 مانگ پێشتر - Sep 27 2018 1:25PM
Print Friendly and PDF
زیاتر