فەرهەنگی

جەلال جۆبار لە تەمەنی ۸۹ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد


جەلال جۆبار شاعیری ناسراوی کۆیە لە تەمەنی ۸۹ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

شەوی ۲۳ لەسەر ۲٤ ی ئەیلول، جەلال جۆبار شاعیری ناسراوی کۆیە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

جەلال جۆبار ناوی تەواوی جەلال سەعید عەبدوڵایە لە ساڵی ۱۹۲۹ لە شاری کۆیە لەدایکبووە و دوای تێپەڕبوونی چەد مانگێک بەسەر لەدایكبوونیدا، باوکی کۆچی دوایی کردووە، بەهۆیەشەوە بە نەبوونی و دوور لە نازی باوك گەورەدەبێت.

جۆبارلە سەرەتای ژیانیەوە رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە لە خوێندن بێبەشبووە، بەڵام لەبەر خولیای بۆ خوێندن و نووسین، جۆبار بووەتە مامۆستای خۆی و خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین کردووە.

جۆبار جگە لەوەی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا شارەزا بووە، لە ئەدەبی فارسیشدا زانیارییەکی زۆری هەبووە. 

جەلال جۆبار لە ژیانی نووسینیدا خاوەنی چەندان بەرهەمی شیعریە، کە هەستی نیشتمانی و کوردایەتی ناوەڕۆکی بەشێک لە شیعرەکانی گرتووەتەوە، بەهۆی ئەو هەڵوێستەشیەوە، لە ژیانیدا دووچاری گرتن و ئەشکەنجە و راگواستن بووە. 

سەرەڕای ئەوەش، جۆبار شیعری منداڵان و وەسفی سروشت و بابەتە کۆمەڵایەتیەکانی هەیە و چەندین شیعری لە گۆڤار و رۆژنامە کوردیە دێرین و نوێیەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەیان بەرهەمی بەهۆی راگواستن و گرتنەوە فەوتاون، جێی ئاماژەشە، چەندین شیعری جۆبار هەن ئاوازیان بۆ دانراوە و کراون بە گۆرانی.



مانگ پێشتر - Sep 24 2018 2:17AM
Print Friendly and PDF
زیاتر