تەکنەلۆژیا

ئەپڵ نەوەی چوارەمی کاتژمێری زیرەک دەخاتە بازارەکانەوە


لە ١٢ ئەیلولی ئەمساڵدا کۆمپانیای ئەپڵ شان بە شانی ئایفۆنی XS و  XS MAX کە ئەمڕۆ ٢١ ئەیلول دەگەن بەدەست بەکارھێنەران، کاتژمێری زیرەکی ئەپڵ کە نەوەی چوارەمیەتی بە بەکارھێنەرانی ئاشنا کرد.

تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوە نوێیەی کاتژمێری ئەپڵ جیاوازییەکی بەرچاوی ھەیە بەبەراوورد لەگەڵ نەوەکانی پێشوتردا، ھەرچەندە دیزاینەکەی گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەھاتووە و ھاوشێوەی سێ نەوەکەی پێشووتریەتی، بەڵام کۆمەڵێک جوانکاری تێداکراوە و ئەو مادانەی لە رووپۆشکردنی دیوی دەرەوەیدا بەکارھاتوون جیاوازترن لەوانەیە کە پێشووتر بەکارھێنراون.

قەبارەی شاشەکەی بە بەراوورد  لەگەڵ سێ نەوەکەی پێشوویدا کە ٣٨ملم و ٤٢ملم بوون، ٣٠٪ زیادی کردووە و بووەتە ( ٤٠ملم و ٤٤ملم )، کۆمپانیای ئەپڵ بەھۆی درێژکردنەوەی شاشەکەی بۆ لێوارەکانی و قەراغە نوشتاوەکانی ئەو جۆرە دیزاینەوەی بەرھەم ھێناوە.

ھەرچەندە قەبارەی شاشەکەی گەورەتربوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە ھەستاوە بە تەنککردنەوەی کاتژمێرەکە، ئەمەش شێوەیەکی  تا رادەیەک جیاوازتری پێدەبەخشێت بە بەراوورد لەگەڵ نەوەکانی پێشووتردا.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە قایشی ھەرچوار نەوەکەی کاتژمێری ئەپڵ بۆ یەکتری گونجاون، کە ئەمەش ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ بەکارھێنەرانی کاتژمێری زیرەکی ئەپڵ.

ئەپڵ بۆ رووپۆشکردنی کاتژمێرەکەش (ستانلیس ستیل) و (ئەلەمنیۆم) ی بەکارھێناوە کە ھەریەکەیان چەند رەنگی جیاوازی لێ بەرھەمھێنراوە،  ئەلەمنیۆمەکان بریتیین لە( ئاڵتوونی، سیلڤەر وخۆڵەمێشی)  و ستانلیس ستیلەکەش ( رەش و ئاڵتوونییە تازەکەی ئەپڵ لەخۆ دەگرێت)، بەو واتایەش، رووپۆشە سیرامیکیەکەی کە  بۆ رووپۆشکردنی سێ نەوەکەی پێشوتری بەکاریھێنابوو لە ئێستادا گۆرانکاری تێیدا کردووە و تەنھا بۆ ژێر لاکانی بەکارھێنراون، ئەمەش یاریدەدەرێکی باش دەبێت بۆ شەپۆلە رادیۆییەکان کە بە ئاسانی پیایدا تێپەڕ ببن و تۆڕێکی بەھێزتریش بنیاد دەنێت بۆ کاتژمێرەکە.

ئاستی سپیکەرەکانی بەرزکراوەتەوە و لە ئێستادا ٥٠٪ بەھێزترن.

مایکی کاتژمێرەکە لە لاکانیدا جێگۆرکێی پێکراوە بۆ ئەوەی لە سپیکەرەکانی دووربخرێتەوە و شەپۆلە دەنگییەکان بە ئاسانی بگەیەنێت.








مانگ پێشتر - Sep 21 2018 12:36PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123