فەرهەنگی

ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزییە فەریقی لە سلێمانی کرایەوە


سیانزەھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند و پێشمەرگە " مەرزییە فەریقی" لەسەرگۆڕەکەی کرایەوە.

لەڕێوڕەسمێکدا لەگۆڕستانی شەھیدان، لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی،  بەئامادەبونی بنەماڵەو بەشێک لەھونەرمەندان و ھاوڕێیانی کۆچکردوو، لەژێر ناوی ( تەمەنێک لەھونەر و خەبات  یادگارییەک لەھزری ھەمواندا) سیانزەھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەندی دیاری کورد مەرزییە فەریقی بەڕێوەچوو.

 لە وتەیەکدا ( مھری فەریقی ) خوشکی مەرزییە رایگەیاند، ئەگەرچی ھونەرمەندی گەورەی کورد مەرزییە بە جەستە بەجێی ھێشتوین، بەڵام ھەمیشە ناو و یادگاری و سەداو خۆشەویستی و خزمەتەکانی لەگەڵماندا دەژی و ھەرگیز لەبیرناکرێت.

لەلای خۆشیەوە، سوپاسی ھەموو ئەوانەی کرد کە ئامادەبوون و ساڵانە یادی کۆچی دوایی ئەو دەکەنەوە.

ھونەرمەند " مەرزییە فەریقی " لەساڵی ١٩٥٨ لەشاری مەریوان،  لەخۆرھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە ، لەڕۆژی ١٨-٩- ٢٠٠٥  لەسوید کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لەگۆڕستانی شەھیدان لەگردی سەیوان بەخاکسپێردراوە.




مانگ پێشتر - Sep 18 2018 9:44PM
Print Friendly and PDF
زیاتر