جیهان

زریانی فلۆرێنس گەیشتە ئەمریکا


زریانی فلۆرێنس گەیشتە باکووری ویلایەتی کارۆلینای ئەمریکا و بەوھۆیەوە ھەزاران ھاووڵاتی دەربەدەربوونە و دەیان کەسیش لەناو باڵەخانەکاندا گیریانخواردووە.

زریانی فلۆرێنس گەیشتە شارۆچکەکانی جاکسۆنڤێڵ و نیوبێرنی سەر بە باکووری ویلایەتی کارۆلینای ئەمریکا و بەھۆی کەمبوونەوەی خێرایی باو بارانی بەلێزمە ئاستی ئاو تا زیاتر لە ١٠ پێ بەرزبووەتەوە و بەو ھۆیەشەوە ١٢ ھەزار ھاووڵاتی بێ ماڵ و حاڵ بوونە و لە ئێستا لە شێڵتەرەکاندان، ھەروەھا نزیکەی ٣٠٠ ھەزار ماڵیش بەھۆی لافاوەوە وزەی کارەبایان بڕاوە.

ئەو ناوچانەشی دەکەونە کەناراوەکانی کارۆلیناوە بە تەواوەتی چۆڵکراون و خویندنگە و بازاڕەکان ھەتا باشووری جۆرجیا داخراون.

لێپرسراوانی ویلایەتی کارۆلینا رایانگەیاندووە: لە باشووری کارۆلیناش، ٤٠٠ ھەزار ھاووڵاتی کەناراوەکانی ئەو ویلایەتەیان جێھێشتووە و زیاتر لە ٤ ھەزار کەسیش وەک پەنابەر لە کەمپەکاندا وەرگیراون.

 سەرەڕای ئەوەی پێشتر حکومەتی کارۆلینا ھۆشداری دابووە ھاووڵاتیانی سنوورەکە کە ماڵەکانیان جیبھێڵن، بەڵام لە ئێستادا داوایانلێدەکات ماڵەکانیان جێنەھێڵن ھەتا تیمەکانی فریاکەوتن دەگەنە لایان.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، دەیان ھاووڵاتی بەھۆی پابەندنەبوون بە ھۆشدارییەکانی حکومەت، لە ئێستادا لەناو باڵەخانەکاندا گیریانخواردووە و تیمەکانی فریاکەوتنیش لە ھەوڵی رزگارکردنیاندان.

 



2 مانگ پێشتر - Sep 14 2018 2:42PM
Print Friendly and PDF
زیاتر