جیهان

زریانێکی مەترسیدار هەڕەشە لە سێ وڵاتی ئاسیا دەکات


هەزاران دانیشتووی فلیپین، لە مەترسیی گەیشتنی زریانی تایفون، ماڵەکانیان جێدەهێڵن، بەهۆی ئەو زریانەوە، ژیانی چوار ملیۆن دانیشتووی باکووری ئەو وڵاتە لە مەترسیدایە، حکومەتیش، سەرباز و هێزەکانی فریاکەوتن لە گشت هەرێمەکاندا  بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو دەخاتە ئامادەباشیەوە.

زریانی تایفون کە بە بەهێزترین زریان ناسراوە و لە پلەی پێنجەمدایە و خێرایی "با" کەی (285 کم)ە لە سەعاتێکدا، بەم پێیەش خێراییەکەی بە نزیکەیی سێ هێندەی زریانی فلۆرێنسە کە لە ئێستادا کەناراوەکانی ویلایەتەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە.

تایفون مانگهوت لە خۆرهەڵات و باکووری ئاسیاوە لە ناوچەکە نزیك دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی شەممەدا بگاتە دوورگەی لوزان لە فلیپین.

مانگهوت گەشتووەتە دوورگەکانی (گوام و مارشاڵ) لە زەریای هێمن و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەربڵاو و نەمانی کارەبا لە ناوچەکاندا.

لە فلیپین زریانەکە مەترسییەکی زۆری دروستکردووە بە شێوەیەك کە پێشبینی دەکرێت وەك زریانەکەی (هەییان)ی ساڵی 2013 کاریگەری هەبێت کە زیانێکی زۆری بە وڵاتەکە گەیاند و بووە هۆی مردنی 6 هەزار هاووڵاتی.

لانیلین کاریلۆی، وتەبێژی ڕێکخراوی ڕوانگەی جیهانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "ئێمە خۆمان بۆ خراپترین رەوش ئامادە کردووە."  

وتیشی: "بیرو باوەڕێکی وا هەیە کە دەکرێت ئەم زریانە هاوشێوەی زریانەکانی هەییان و هەیما بێت کە لە ڕابردوودا زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە. 

هەر لەوبارەیەشەوە، CNN ی بەریتانی ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە زریانی هەیما لە ساڵی 2016 دا بووە هۆی خاپوورکردنی 14 هەزار ماڵ و زیانپێگەیاندنی 50 هەزاری تر.

(لیژنەی نەتەوەیی بۆ بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی مەترسیی کارەساتە سروشتییەکان) ئەوەی ڕاگەیاندووە: مەترسیی زریانەکە دەگاتە ئەو ناوچانەی 125کم لە نیوەتیرەی تایفونەوە دوورن و ئەمەش وا دەکات کە 4.3 ملیۆن کەس رووبەڕووی زریانەکە ببنەوە کە 824.100 لەو کەسانە لە چینی هەژارن، بۆ ئەو مەبەستەش، پێشوەخت خۆراك و کەرەستەی پێویست لەو ناوچانەدا لەلایەن حکومەتەوە بۆ هاووڵاتان ئامادەکراوە.



هەفتە پێشتر - Sep 14 2018 11:34AM
Print Friendly and PDF
زیاتر