ئاراس محەمەد ئاغا: ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا پشتیوانی تەواوی پێکھاتەکانی نەینەوا دەکات
2023-11-11
|
کوردسات نیوز
بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوامی ھەیە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ شەمە ١١تشرینی دووەم ئاراس محەمەد ئاغا سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی _ یەکێتی خەڵکی نەینەوا چاوی کەوت بە ژمارەیەک کەسایەتی و گەنجان و چین و تویژی نەینەوا.
لە دوو دیداری جیادا لە بارەگای مەڵبەندی حەوتی نەینەوا، ئاراس محەمەد ئاغا چاوی کەوت بە ژمارەیەکی زۆری گەنجان و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لە موسڵ و ژمارەیەکی زۆری چالاکوانی شارەکە و رایگەیاند، ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا پشتگیری تەواوی پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا دەکات بەبێ جیاوازی بۆیە کاندیدەکانی پێکدێت لە ھەموو پێکھاتە و ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی شارەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت بە ھەمووان ھەوڵی سەرخستنی لیستی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەلکی نەینەوا و کاندیدەکانی بدەین.
ھەروەھا ئاراس محەمەد ئاغا و وەفدی ھاوڕێی سەردانی خزمانی "البوسیف"_یان کرد لە ناوچەی حەمام عەلی لە پارێزگای نەینەوا و چاوی کەوت بە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی "البوسیف"، رۆڵی خزمانی "البوسیف" بەرزنرخاند لە ئاشتەوایی و خزمەتکردن نێو کۆمەڵگا لە دەڤەرەکە.
لای خۆیانەوە خزمانی "البوسیف" ستایشی ھەوڵ و کۆششەکانی یەکێتی و ئاراس محەمەد ئاغا_یان کرد و رایانگەیاند، وەک ھەمیشە لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال دەبن، یەکێتی بە حزبی خۆیان دەزانن و پشگیری و پشتیوانی خۆیان و خانەوادکەیان بۆ لیستی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی دووپاتکردەوە.
|