کوردستان

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبووەوە


ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رەوشی ھەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەر گەڕانەوەی حکومەتی مەدەنی بۆ کەرکوک و گرتنەدەستی ئاسایش لەلایەن پیشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی فیدراڵی.

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەش،  دوا وردەکاریی رەوشی عێراق، کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی و  ھەڵبژاردن و پرسی کەرکوک، ھەڵسەنگاندنی بۆکرا و گفتوگۆش کرا سەبارەت بە گفتوگۆی لایەنەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی عێراق و بەشداریی کارای وەفدی ھاوبەشی کوردستانی لە گفتوگۆکاندا.
 
ھەروەھا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی مەدەنی بگەڕێتەوە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی (١٤٠) و پیشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی فیدراڵی، پێکەوە ئاسایشی کەرکوک و ناوچەکان بگرنەدەست. 

ئەمەش، لەروانگەی یەکێتییەوە، بەستراوە بەوەی کە بەپێی شایستەیی دوای ھەڵبژاردن، پارێزگاری کەرکوک ھەڵبژێدرا. ئەویش تەنھا پارێزگاری کاندیدکراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

بۆ ھەڵبژاردنی کوردستانیش، دەستخۆشیی لە دەستپێکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەدەروازەی راپەڕین کرد و بڕیاریشی دا، بۆ سەرخستنی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، بەرپرسی سەرجەم ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتی کۆببنەوە و بەرنامەی چۆنیەتی دابەشکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی یەکێتی دابڕێژن. 

دەزگاکانی راگەیاندنی یەکێتیش، بەجۆش و خرۆشتر ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکە و چالاکیی سەرۆکی لیستی (١٠٥) و کاندیدە دڵسۆز و مەدەنیخوازەکانی یەکێتی، روماڵ بکەن.



3 مانگ پێشتر - Sep 13 2018 4:02PM
Print Friendly and PDF
زیاتر