کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی لە سعودییە بەڕێوەدەچێت

2023-11-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەبەشداری سەرۆککۆماری عێراق سبەینێ کۆبوونەوەی نائاسایی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی تایبەت بە دۆخی کەرتی غەززە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.

حسام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، کۆبوونەوەی نائاسایی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودییە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتان بەڕێوەدەچێت و کارنامەی کۆبوونەوەکە لە یەک بڕگە پێکھاتووە، شەڕی کەرتی غەززەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسێک کە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبییەوە ئامادەکراوە، دەخرێتە بەردەم سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی تایبەت بە شەڕی کەرتی غەززە و دواتر لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسەکە بڵاودەکرێتەوە، کە بریتی دەبێت، لە ھەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەسەر شەڕی کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و ئیدانەکردنی ھێرشەکانی ئیسرائیل.

کۆبوونەوەکەی کۆمکاری عەرەبی، کە بە بەشداری د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری بەڕێوەدەچێت، دووەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبییە لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا تایبەت بە رەوشی کەرتی غەززە.