ئیسرائیل گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززەی بۆردومانکرد و ١٣ کەس کوژران

2023-11-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئیسرائیل گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززەی بۆردومانکرد و ژمارەی کوژراوانیش لەماوەی زیاتر لە مانگێکدا گەیشتە نزیکەی ١١ ھەزار کەس.

نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ١٣ کەس بەھۆی بۆردومانکردنی نەخۆشخانە شیفاوە کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەنتیسی منداڵان لە کەرتی غەززە رایگەیاند، نەخۆشخانەکەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆدراوە و لەبەردەم کارەساتێکی مرۆییدان ئەگەر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەچن بە ھانایانەوە.

ھاوکات بەرگری شارستانی غەززە رایگەیاند، بەھەزاران تەرم ھێشتا لەژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەکاندان و تیمەکانیان ناتوانن بچنە شوێنەکان.

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا لە کەرتی غەززە نزیکەی ١١ ھەزار کەس کوژراون کە چوار ھەزار و ٤١٢ یان منداڵن و ٢٩٠٠ کەسی دیکەشیان لە ژنان پێکھاتوون.