لە بانە و سەردەشت دوو کۆڵبەر بە دەستڕێژی گولـلەی پاسەوانی سنوور برینداربوون

2023-11-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە سنورەکانی ھەردوو شاری بانە و سەردەشتی رۆژھەڵاتی کوردستان بە دەستڕێژی گولـلەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران، دوو کۆڵبەری کورد بە سەختی برینداربوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی کەیوان ئیسماعیلپوور، تەمەن ٢٣ ساڵ کە خەڵکی شاری سەردەشتە، لەلایەن ھێزی پاسەوانی سنورەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و بەسەختی بریندار بووە.

باسی لەوەشکردووە، دوێنێش کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی بانە بەناوی بارزان نانەوا لە سنووری "ھەنگەژاڵ"ی ئەو شارە، دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و بەسەختی برینداربووە، لەئێستاشدا دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماژەی بەوەکردبوو، شەوی سێشەممەی رابردوو لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود دەستڕێژی گولـلە لە ژمارەیەک کۆڵبەر کراوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە و  ١٤ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.