تەندروستی جیھانی ھۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە دەدات

2023-11-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، بەھۆی لەکارکەوتنی دامەزراوە تەندروستییەکان و سیستمی ئاو و بڵاوبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و بەدخۆراکی و نەمانی ئاسایشی خۆراک، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە زیادیکردووە. 

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، ھێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکراونەتەوە و ژمارەی بریندارانیش رووی لە ھەڵکشانە، ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە لەسەر رەوشی تەندروستی خەڵک.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ئاوارەی ناوخۆن لە غەززە، لەو ژمارەیە نزیکەی ٧٢٥ ھەزاریان لە ناوەندەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن و ١٢٢ ھەزار کەسیش لە نەخۆشخانە و کڵێسا و بینا گشتییەکان دەژین، ھەروەھا زیاتر لە ١٣١ ھەزار کەسیش لە ٩٤ خوێندنگە شوێنی مانەوەیان دروستکردووە.