هەمەڕەنگ

توێژەرێکی کورد ھەڵەیەکی زانستی لە کتێبێکی پزیشکیدا راستکردەوە


دکتۆر حسێن عەلی محەمەد، توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی و زانستی، ھەڵەیەکی لە کتێبێکی پزیشکیدا راستکردەوە و بەو ھۆیەشەوە بڕوانامەیەکی پێبەخشرا.

تویژەرە کوردەکە، ھەڵەکەی لە کتێبی  (Lippincott illustrated reviews pharmacology ٦th edition-٢٠١٥)دا راستکردووەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن نووسەرانی کتێبەکەوە داننرا بە ھەڵەکە، وەک پۆستەرێک پێشکەش بە بیستەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی کیمیای پزیشکی و  رێکخستنی دەرمان و کۆنفڕانسی عەقڵانیەت لە کەنەدا - ڤانکۆڤەر کرا ، کە لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ ی تەموزی ئەمساڵدا لە کەنەدا بەڕێوەچوو.

ھەر لەو کۆنفڕانسەدا  دکتۆر حسێن سیمینارێکی لەوبارەیەوە پێشکەش کرد و دواتریش لەوبارەیەوە بڕوانامەیەکی پێبەخشرا.

دکتۆر حسێن عەلی محەمەد لەبارەی وردەکاریی راستکردنەوەکەیەوە رایگەیاندووە: دەرمانی تامۆکسفین (Tamoxifen)، کە بۆ چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بەکاردێت، لەو بەشەی کتێبەکەدا کە باسی میکانیزمی کارکردنی دەرمانەکە دەکات، ھەڵەیەکی زانستی تێدایە، دوای بەدواداچوونی زانستیانە و بیروڕاگۆڕینەوەش لەگەڵ چەند پسپۆڕێکدا لە دەرەوەی وڵات، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە ھەڵە لەو بڕگەیەدا ھەیە، بۆیە  وەک ئەرکێکی زانستی، ئەو دوو دکتۆرەی کە ئەو بەشەی کتێبەکەیان نووسیوە، لەو ھەڵەیە ئاگادار کردەوە، ئەوانیش  لەڕێگەی ئیمەیلەوە سوپاسیان کردم و دانیان بە ھەڵەکەدا نا. دواتر پەیوەندیم بەو کۆمپانیایەوە کرد کە ئەرکی چاپکردنی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتبوو. ئەوانیش بە ھەمانشێوە دوای سوپاسکردن، ئاماژەیان بەوەدا کاتێک کتێبەکە دووبارە چاپ دەکەنەوە، یان لە چاپی حەوتەم کە لە ٢٩-٩-٢٠١٨، دەردەچێت، ئەو ھەڵەیە راست دەکەنەوە.









هەفتە پێشتر - Sep 11 2018 11:23PM
Print Friendly and PDF
زیاتر