راپۆرت

گوشارەکان لەسەر عەبادی زیاتر دەبن


دوایین پێشھات و رووداوەکانی عێراق و خۆپیشاندانەکانی پارێزگای بەسرە، لەئێستادا بابەتی سەرەکی رۆژنامە ناوخۆیی و جیھانییەکانن و رووداوەکان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانیش، خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی بەسرە گوشارەکان لەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران جێبھێڵێت و چانسیشی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکە لە کابینەی نوێی حکومەتدا کەمببێتەوە.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانیی راپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی عێراق بەناونیشانی (خۆپیشاندانەکانی بەسرە گوشارەکان بۆ دوورکەوتنەوەی عەبادی زیاد دەکات) بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەفتەیەک لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی بەسڕەوە ھۆشداریدا کە رووداوەکان ببنە ھۆی دروستبوونی جەنگێکی کراوە، لە ئێستاشدا سەرباری ئەوەی ھەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی بەسرە و فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو توندوتیژییانەی ھێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامیانداوە، بەڵام گوشارێکی زۆر لەسەر عەبادی ھەیە بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە و جارێکی تر لە کابینەی نوێی حکومەتدا پۆستی سەرۆک وەزیران وەرنەگرێتەوە.  

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە ھەفتەی رابردوودا کوژرانی ١٣ خۆپیشاندەری لێکەوتەوە، سەرباری ئەوەش کە عەبادی ھێزە ئەمنییەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی بەپێی پێویست کارەکانیان ئەنجام نەداوە، بەڵام ئەوە رەوشەکەی ئارام نەکردەوە لە شارەکەدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ھیچ کام لە گرفتەکانی کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ھەلی کار و پیسبوونی ئاوی بەسرە چارەسەرنەکراون.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی تایمزدا باس لەو ئاڵۆزییانە کراوە کە دوای رووداوەکانی بەسرە، لەنێوان حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدردا دروستبووە، راشیگەیاندووە: خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی بەسرە بەجۆرێک ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو سەرکردەیەی شیعەدا دروستکردووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەدر داوای لە عەبادی کرد ئەگەر رەوشەکەی پێ چارەسەر ناکرێت دەستلەکاربکێشێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر ھاوپەیمانێتیان بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەت پێکھێنابوو.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، رۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، لەکاتێکدا کە دوای تێپەڕبوونی ٤ مانگ بەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، تا ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەھاتووە، ئاڵۆزییەکان رۆژ لەدوای رۆژ لەعێراقدا زیاتر دەبن، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی نەیارەکانی عەبادی لەرێی قووڵکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی بەسڕەوە کار دەکەن بۆ درووخستنەوەی عەبادی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەمکردنەوەی چانسەکانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا.



هەفتە پێشتر - Sep 10 2018 1:15PM
Print Friendly and PDF
زیاتر