وەرزش

ئیسپانیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨١ەوە لە خاکی ئینگلتەرا سەرکەوتنی تۆمارکرد


ھەڵبژاردەی ئیسپانیا کەمێک لە برینەکانی مۆندیالی سارێژ کردو توانی یەکەم سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨١ەوە لە خاکی ئینگلتەرا تۆماربکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە یەکەم یاری لویس ئینریکی لەگەڵ ھەڵبژاردەکەدا لارۆخا توانی ھەڵبژاردەی ئینگلتەرای چوارەمی مۆندیال دووچاری شکست بکات.

لە میانی یارییەکانی جەولەی یەکەمی خولی ئەی نەیشن لیگ ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە میوانی ھەڵبژاردەی ئینگلتەراو یارییەکەشی بە ٢ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێ بردەوە.

ئینگلیزەکان لە یارییەکەدا دەستپێشخەریان کرد لە گۆڵکردن و دوای ١١ دەقیقە لە فیکەی دەستپێکی مارکۆس راشفۆرد گۆڵی پێشکەوتنی ٣ شێرەکەی تۆمارکرد.

دڵخۆشی ھاندەرانی ئینگلتەرا لە یاریگای ویمبلی لە ٢ دەقیقە زیاتری نەخایاند و ساوڵ نیگوێز توانی ئەنجامەکە بۆ ئیسپانیا یەکسان بکاتەوە.

دوای ئەوە ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ریتمی یارییەکەی کردو ھێرش لەدوای ھێرشی دەبردە سەر گۆڵی ئینگلتەرا تا لە دەقیقەی ٣٢ رۆدریگۆ مۆرینۆ گۆڵی دووەمی ئیسپانیای کردو بۆ یەکەم جار لە یارییەکە ھەڵبژاردەکەی پێشخست.

گێمی دووەم بە پێکانێکی مەترسیداری لوک شاوی یاریزانی ئینگلتەرا دەستی پێکرد کە بەھۆیەوە یارییەکە ماوەیەکی زۆر وەستێنرا.

دوای گەڕانەوەش بۆ یاریکردن ئینگلتەرا باشتر دەرکەوت و چەندین ھەلی بۆ رەخسا بۆ ئەوەی گۆڵی یەکسانبوون بکەن، بەڵام سودیان لێوەرنەگرت و یارییەکەش بەسوودی ئیسپانیا کۆتایی ھات.

ئەم سەرکەوتنەش یەکەم بردنەوەی ئیسپانیایە لە یاریگای ئینگلتەرا لە ساڵی ١٩٨١ کە ئەو کات لە یارییەکەدا باوکی مارکۆس ئەلۆنسۆ بەشداری کردوە کە کوڕەکەی لەم یارییەدا لە پێکھاتەی سەرەکی بوو.



هەفتە پێشتر - Sep 9 2018 11:08AM
Print Friendly and PDF
زیاتر