دادگای فیدڕاڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە دژی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێم تۆمارکراوە

2023-11-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سبەینێ دادگای فیدڕاڵی بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داوادەکرێت پێنج ماددەی یاساکە بە نادەستووری دابنرێت.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی یەکشەممە پێنجی تشرینی دووەم دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە ماددەکانی ١، ٩،١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢) بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.

پێشتر دادگای فیدڕاڵ چەندجارێک دانیشتنەکانی خۆی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە کە زیاتر لە شەش مانگە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، ناشزاندرێت سبەی دادگاکە بڕیار لەسەر سکاڵاکە دەدات یان جارێکی دیکە دوایدەخات کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.