سودانی و راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا

2023-11-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، رووداوەکانی کەرتی غەززە تاقیکردنەوەیەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلھێزەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆییەوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەلایەن ئۆلاف شۆلز راوێژکاری ئەڵمانییەوە پێگەیشتووە و تیایدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکردووە.

ئەوەشھاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سودانی داوای لە راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە، یەکێتی ئەوروپا ھەڵوێستێک بگرێتەبەر بۆ ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکان بەرامبەر خەڵکی فەڵەستین، لەبەرئەوەی ڕووداوەکانی غەززە تاقیکردنەوەیەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلھێزەکان و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.

لەبەرامبەریشدا، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کار بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە دەکەن، ئامادەییشی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.