وەرزش

دوای ٨ ساڵ سامپدۆریا یەکەم یاری لە ناپۆلی بردەوە


لەدرێژەی یارییەکانی ھەفتەی ٣ ی خولی یانەکانی ئیتاڵیا، یانەی سامپدۆریا گرێ کوێرەی شکستەکانی لەبەرامبەر یانەی ناپۆلی کردەوە و لەدوای ٨ساڵی رابردوو توانی یەکەمین سەرکەوتن لەبەرامبەر ناپۆلی تۆماربکات و تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دوچاری یەکەم شکستکردەوە.  

لە دەستپێکی یاریەکەدا یاریزانانی یانەی سامپدۆریای خاوەن یاریگا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و زنجیرەیەک ھێرشیان بردە سەرگۆڵی ناپۆلی و سەرئەنجامیش لەدەقەی ١١دا گریگۆری دیفریل بەربەستی یەکسانبوونی شکاند و گۆڵی پێشکەوتنی سامپدۆریای تۆمارکرد.

لەدوای ئەو گۆڵەش، جەنگاوەرانی کارلۆ ئەنچیلۆتی نەیانتوانی وەک پێویست فشار لە تیپی خاوەن یاریگا دروست بکەن، یاریزانانی سامپدۆریاش باڵادەستیان بەسەر یاریگادا گرت و دوای ھەوڵێکی زۆر ئەمجارەش گریگۆری دیفریل لەدەقەی ٣٢ گۆڵی دووەمی سامپدۆریایکرد و ئەرکی یاریزانانی کارلۆ ئەنچیلۆتی قورستکرد.

 لە گێمی دووەمدا ئەنچیلۆتی چەند گۆڕانکاریەکی ئەنجامدا، تا خۆی لە شکست رزگاربکات و جیاوازیەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام ئاست بەرزی ھێڵی بەرگری سامپدۆریا شکستی بە پلان و ھەوڵەکانی ناپۆلی ھێنا.

لەدرێژەی ھێرشەکانیان بۆ سەرگۆڵی ناپۆلی ، فابیۆ کوالیارێلا لەدەقەی ٧٥ توانی تۆری گۆڵی ناپۆلی بھەژێنێت و سامپدۆریا بکاتە خاوەنی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی، یاریەکەش تا کۆتایی بە ٣ گۆڵی خاوێن لەبەرژەوەندی سامپدۆریا کۆتایی ھات و ناپۆلی دوچاری یەکەمین شکستکردەوە، بەوەش ناپۆلی بەجیاوازی ٣ خاڵ لە یۆڤانتۆسی پێشەنگ دورکەوتەوە.



2 هەفتە پێشتر - Sep 3 2018 10:17AM
Print Friendly and PDF
زیاتر