فەرهەنگی

کۆبەرھەمی خاتوو گەلاوێژ دووبارە چاپکرایەوە


تەواوی بەرھەمەکانی خاتوو گەلاوێژ، بەچاپێکی نوێوە، کەوتە بەر دیدی خوێنەران و بەمزووانەش وەک یەکەمین نووسەری کورد ھەموو بەرھەمەکانی لە ماڵپەڕی galawezh.com بڵاودەکرێتەوە.

ژینۆ عەبدوڵا، بەڕێویەری ماڵپەڕی  گەلاوێژ، وتی: ماڵپەڕی گەلاوێژ ھەر لەسەرەتای دامەزراندن و کردنەوەی بەڕووی بینەران و خوێنەراندا بەپێویستی زانیوە بەرھەمەکانی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس گەلاوێژ بۆ جارێکی تر چاپبکرێنەوە بەو پێیەی ئەم بەرھەمانە ئێستا لە کتێبخانەکاندا بەردەست ناکەون و خوێندنەوەشیان گرنگییەکی زۆری فیکری و سیاسی و سۆسیۆڵۆژی و ھونەری ھەیە و ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

راشیگەیاند، داواکەرییەکەی ستافی ماڵپەڕ بەھەند وەرگیراو لەماوەیەکی دیاریکراودا بیست و یەک کتێب لەبەرھەمەکانی نووسەر بەتیراژی ھەزار دانە چاپ کرایەوە.

ئەم بەرھەمانەش پێکھاتوون لە چیرۆک و ڕۆمان و نۆڤلێت و یادەوەریی و یاداشت و ئەدەبیاتی منداڵان و وەرگێڕاندا دەبینێتەوە، چەندین شێواز و تەکنیکی ھونەری و دەربڕینی و فیکری لەخۆدەگرێت کە سەرجەمیشیان لەنێو ڕێبازی ڕیاڵیزمی شۆڕشگێڕی و سۆشیاڵیزمی و ڕەخنەیی و بابەتیدا دەسووڕێنەوە.

ڕوونیشکردەوە، بەھەمائاھەنگی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەمجار بەسەر ھەر ٩٠ کتێبخانەکەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و شاری بەغداد و کتێبخانەی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و پاشان دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری و توێژەران بە بێ بەرامبەر دابەش دەکرێن. 

ھەروەھا لەبەرنامەشدایە بەسەر کتێبخانە و زانکۆکانی کوردستانی رۆژھەڵات و ڕۆژئاواشدا دابەشبکرێت.




2 هەفتە پێشتر - Sep 2 2018 3:48PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123