ئابوری

قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا گەیشتووەتە ١٧٩ ملیار دۆلار


بانکی (جەی پی مۆرگان)ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا گەیشتووەتە ١٧٩ ملیار دۆلار کە پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەنقەرە زۆرینەی قەرزە دەرەکییەکان بداتەوە، ئەوەش قەیرانی دارایی ئەو وڵاتـە قووڵتر دەکاتەوە.

لەدوای دابەزینی بەھای لیرە، تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی سەخت دەبێتەوە و کەڵەکەبوونی قەرزە دەرەکییەکانیشی ھێندەی تر قەیرانەکە لەسەر ئەنقەرە قووڵتر دەکاتەوە، بانکی جەی پی مۆرگان کە بانکێکی ئەمریکییە تایبەت بە وەبەرھێنان و دارایی و بارەگاکەی لە نیویۆرکە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا گەیشتووەتە ١٧٩ ملیار دۆلار کە ٤/١ بەرھەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتـە پێکدەھنێت، ئەوەش مەترسییەکانی قووڵبونەوەی قەیرانی دارایی تورکیا زیاتر دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ تورکیا زۆرینەی قەرزە دەرەکییەکان بداتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لە ئەنجامی دابەزینی بەھای لیرەدا پێدەچێـت زۆرێک لە کۆمپانیا جیھانییەکان کارەکانیان لە تورکیا بکشێننەوە، بۆیە درێژکردنەوەی ماوەی دانەوەی قەرزەکان لەسەر تورکیا کارێکی ئاسان نابێت، بەپێی راپۆرتەکەی (جەی پی مۆرگان) لە ساڵی رابردوودا قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە لە ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ەوە قەرزەکانی ئەو وڵاتە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. 

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئەمساڵ قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە و ٣ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار لیرەی تێپەڕاندووە، کە رێژەی لە ٧٧٪ی داھاتی نەتەوەیی پێکدەھێنێت، قەرزی راستەقینەی بانکەکانیش گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و ٨٤٩ ملیار و ١٠٠ ملیۆن لیرە، بەشێوەیەکی گشتیش لە مانگی حوزەیرانەوە بەھۆی دابەزینی بەھای لیرەوە قەرزە ناوخۆییەکان بەبڕی ٢٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن لیرە زیادیکردووە و گەیشووەتە ٥٦١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن لیرە.

ئەمساڵ بەھای لیرەی تورکی بەرێژەی لە ٤٠٪ دابەزی، دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکاش بەھۆی دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لەلایەن تورکیا و سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا لەلایەن واشنتۆنەوە، مەترسی تێکشکانی ئابووریی تورکیا دروست دەکات، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سەرباری ئەوەی تورکیا چەندین رێوشوێنی بۆ رێگریکردن لە دابەزینی بەھای لیرە گرتووەتەبەر، بەڵام نەتوانراوە سنوورێک بۆ کەمبوونەوەی بەھاکەی دابنرێت کە لە سەرجەم رووەکانەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت.






3 مانگ پێشتر - Aug 30 2018 2:11PM
Print Friendly and PDF
زیاتر