هەمەڕەنگ

زاناکان پاڵنەری سەماکردنیان دۆزییەوە


مۆزیک خۆراکی ڕۆحە، ھیچ وڵات و کلتورێک نییە لەم جیھانەدا کە خاوەنی مۆزیکی تایبەت بە خۆی نەبێت. 

مۆزیک بە ھەموو جۆرەکانیەوە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤەکان ھەیە و لە زۆر بواردا وەک چارەسەر بەکاردەھێنرێت، چونکە ھۆکارە بۆ حەوانەوە و کۆتاییھێنان بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و بەخشینی ھەستی ئارامی. 

زۆرجاریش لە کاتی بیستنی جۆرە مۆزیکێکی تایبەتدا، حەز دەکەین سەما بکەین، بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری سەماکردن لە کاتی بیستنی مۆزیکدا، زاناکانی وڵاتی ئوسترالیا لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان ئەنجامداوە و لە کۆتاییدا بۆیان دەرکەوتووە، ھۆکاری ئەو حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ (باس) کە یەکێکە لە دەنگەکانی مۆزیک و بەکاردەھێنرێت بۆ دانانی ئاوازێکی تایبەت کە خەڵکی دەخاتە سەما، چونکە سروشتی ئەو دەنگە ھاوشێوەی ترپەکانی دڵە. 

لێکۆڵەرەوەکان توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بزانن مێشک بە چ شێوەیەک ئەو دەنگانە وەردەگرێت کە لەرەلەرێکی نزمیان ھەیە، چونکە زۆر جار ئەو جۆرە دەنگە بناغەی ریتمی میوزیکە.
 
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوت مۆزیک ئاستی لەرەلەرەکانی مێشک زیاد دەکات ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  میوزیک چەندین لەرەلەری بەرزی تێدایە ئەوەش وا لە کەسەکان دەکات ھەست بە چالاکیەکی زۆر بکەن و حەز بکەن بکەونە جوڵە. 

دوای ئەنجامدانی چەندین تاقیکردنەوەش دەرکەوتووە مێشک ھاوکات لەگەڵ ریتمی مۆزیکدا چالاکیی زیاتر دەبێت، تا ریتمی مۆزیکەکە زیاتر بێت خەڵکی زیاتر حەز دەکەن سەما بکەن.
 
زاناکان ھیوادارن ئەنجامەکانی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە ھۆکارێک بن بۆ چارەسەرکردنی چەند نەخۆشیەک وەک تێکچوونی فرمانی مەعریفی یا جوڵەیی.  



3 مانگ پێشتر - Aug 29 2018 10:56PM
Print Friendly and PDF
زیاتر