ئابوری

ئەمریکا و چین باجی زیاتر لەسەر کەلوپەلی هاوردەکراوی یەکتری دادەنێن


واشنتۆن بڕیاریدا باجی زیاتر بخاتە سەر کەلوپەل و بەرهەمەکانی چین، ئەو وڵاتەش لە وەڵامدا هەمان رێوشوێنەکەی ئەمریکا دەگرێتەبەر.

ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا باجی گومرگ بە بەهای ١٦ ملیار دۆلار لەسەر کەلوپەل و بەرهەمە چینیەکان زیاد بکات، بەمەش بەهای سەرجەم باجەکانی ئەمریکا لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی چین دەگاتە ٥٠ ملیار دۆلار.

دوای چەند دەقەیەك لە بڕیارەکەی ئەمریکا، حکومەتی چینیش بە هەمان بەها، بریاریدا باج بخاتە سەر بەرهەمە ئەمریکیەکان.

وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند: زیادکردنی باج لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکردنی یاساکانی رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتیە.

راشیگەیاند: پەکین بە تووندی دژی بڕیارەکەی ئەمریکایە و هیچ بژاردەیەکیشی لەبەردەمدا نییە، جگە لە بەردەوام بوون لە هێرشی بەرگریی پێویست.

ماوەی دوو مانگە شەڕی بازرگانی و زیادکردنی باجی گومرگی لەنێوان چین و ئەمریکا بەردەوامە و رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە هۆشداریی دەدات لەوەی، رێوشوێنی بازرگانیی وڵاتان لەدژی یەک، مەترسیی بۆسەر ئابووریی جیهان دەبێت.




3 مانگ پێشتر - Aug 23 2018 11:46AM
Print Friendly and PDF
زیاتر