هەمەڕەنگ

توێژینەوەکان: پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە و روودانی لافاویش زیاتر دەبێت


لە نوێترین توێژینەوەدا، زاناکان دەریانخستووە، ماوەی ھاوین درێژتر دەبێتەوە و روودانی بارانی بەلێزمەش زیاتر دەبێت.

زاناکانی جیھان لە لێکۆڵینەوەیەکدا ڕایانگەیاندووە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بارانی بەلێزمە لە نیوەی باکووری گۆی زەوی لە وەرزی ھاویندا بە شێوەیەکی زیاتر ڕوودەدەن و قەتیسبوونی پلەی گەرماش ماوەی ئەو جۆرە کەشوھەوایە درێژتر دەکاتەوە. 

باسیشیان لەوەکردووە، بەھۆی تێکچوونی ئەو تەوژمی بایانەوە کە لە بەرزاییەکانەوە ھەڵدەکەن، کۆمەڵە دیاردەیەکی سروشتیی خراپ لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا و چەند بەشێکی کیشوەری ئاسیا ڕودەدەن و ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پاشماوەی گازە زیانبەخشەکان کە بوونەتە ھۆی قەتیسبوونی گەرما.

دیم کۆمۆ، لێکۆڵەری ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە پەیمانگای بوتسدام ئەنجامیداوە، ڕایگەیاندووە: وەرزی ھاوین درێژتر دەبێت و وشکەساڵیی زیاتر دەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ماوەی بارانی بەلێزمە زیاتر دەبێت و لافاوەکان زۆرتر دەبن.

ئەو زانایانەی کە لێکۆڵینەوەکەیان ئەنجامداوە، دەڵێن: بەردەوامبوونی ئەو جۆرە کەشوھەوایە لە خۆرئاوای ئەوروپا و ئاسیا و چەند بەشێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەریەکی خراپی لەسەر بەرھەمھێنانی دانەوێڵە دەبێت.



مانگ پێشتر - Aug 21 2018 1:48PM
Print Friendly and PDF
زیاتر