ئەو دوو پەرستارەی لە نەخۆشخانەیەکی ھەولێر ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوویاندا دورخرانەوە

2023-08-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەو دوو پەرستارەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەھلی ھەولێر ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوویاندا و ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە لەکارەکانیان دورخرانەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە دەڵێن پەرستارەکان خزمی نزیکی منداڵەکەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی ٢٥ چرکەیە، دوو پەرستار لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ھەولێر دەردەکەون کە ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن، ڤیدیۆکەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

کوردسات نیوز پەیوەندی بە بەرپرسانی نەخۆشخانەکەوە کرد و تەنھا ئاماژەیان بەوەکرد، بەر لە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئەو دوو پەرستارە لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەکەوە لە کارەکانیان دوو خراونەتەوە، کە خزمی نزیکی منداڵەکەن.

لای خۆیەوە، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد ، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش و ڕێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش، تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون ڕادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن.

وەزارەتی تەندروستی، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لە بوونی ھەر دیاردەیەکی نا تەندروست یان سکاڵا، لە ڕێگەی سندوقەکانی سکاڵا و ھێڵە گەرمەکانەوە ئاگاداریان بکەنەوە.