رێکاری نوێ بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار دەگیرێتەبەر، لیژنەی پاڵپشتی دینار دەڵێت کاریگەرییەکانی پێدانی ١٠٠ ھەزار دۆلار بە بازرگانان لە داھاتوودا دەردەکەوێت.
عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پاڵپشتی دینار بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، لیژنەکەیان بڕیاریداوە بە کردنەوەی ئەژمارێکی بازرگانی لە بانکی تی بی ئای، بۆ ئەوانەی ناسنامەی ژووری بازرگانی بەغدادیان پێیە رێگەیان پێدەدرێت مانگانە ١٠٠ ھەزار دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرن.
وتیشی، ئەو رێکارە لەپێناو رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بازاڕی رەش، بازرگانانیش پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە، کە بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغدادەوە دەکرێت و جێبەجێکردنیشی دەستیپێکردووە، کاریگەرییەکانیشی لە ماوەی داھاتوودا دەردەکەوێت.