فەرهەنگی

د.شێرکۆ عەبدوڵا لە کۆرێکدا باس لە ئەزموونی خۆی لە بواری نووسینی تەنز دەکات


د.شێرکۆ عەبدوڵا کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری ئەدەبی  تەنز  نووسینەکانی لە رۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاودەکاتەوە، دەڵێت: ھونەر و ئەدەبی تەنز ئامرازێکی گرنگ و خێرایە بۆ گەیاندن و خستنەڕووی ھەر بابەتێک کە جێگەی سەرەنجی کۆمەڵگە بێت.
  
لە کۆڕێکدا کە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک لە رۆشنبیرانی کورد ئامادەی بوون، د.شێرکۆ عەبدوڵا وەک یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی کورد باسی ئەزموونی ژیانی خۆی کرد لە بواری نووسینی تەنزدا و رایگەیاند: ئەدەبی  تەنز  ھونەرێکی جیھانییە و چەکێکی بەھێزە بۆ پێکانی ئەو ئامانجەی کە نووسەر مەبەستیەتی بیخاتەڕوو، بەڵام ھێشتا ئەم ھونەرە لە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی سەرەتادایە و پێویستی بەوەیە بایەخی زیاتری پێبدرێت. 

د.شێرکۆ عەبدوڵا کە زۆربەی نووسینەکانی لە رۆژنامەی  کوردستانی نوێ  بڵاودەکاتەوە و پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەرنووسەری  گۆڤاری  سیخورمە بووە کە یەکێک بوو لە ھەفتەنامە تەنز ئامێزەکان لە باشووری کوردستان. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد  ھیوادارە توانیبێتی لە رێگەی نووسینەکانیەوە خزمەتی بە کاری رۆژنامەوانی کوردی کردبێت و لەپاڵ ئەوەشدا بەمەبەستی چارەسەرکردنیان بەشێوەیەکی دروست کێشە و گرفتەکانی نێوکۆمەڵگەی کوردی خستبێتەڕوو.



5 مانگ پێشتر - Jun 12 2018 2:41PM
Print Friendly and PDF
زیاتر