بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی پلانێکی نوێی ھەیە بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینان

2022-09-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی پلانێکی نوێی ھەیە بۆدابەشکردنی موچەی خانەنشینان و بەپێی پلانەکە موچەی تەواوی خانەنشینان لەچەند مۆڵێک دابەشدەکرێت کەبەپێی کۆدو ژمارەی ناسنامەی خانەنشینان جیاکراونەتەوەو لەماوەی شەش ڕۆژدا پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت.

ئەوزانیاریانەی دەست کوردسات نیوز کەوتوە ٨٦ ھەزار خانەنشین لەسنوری پارێزگای سلێمانی مووچە وەردەگرن و لەئێستادا مووچەی تەواو بۆ خانەنشینانی مەدەنی بێکێشە تەرخانکراوە ھاوکات بانکی ناوەندی سلێمانیش لەڕێگەی چەند ڕێوشوێنێکەوە کێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چارەسەردەکات، ھەروەھا موچەی تەواوی خانەنشینان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ھەر مووچەخۆرێک لەھەر شوێنێک بێت دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت.

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی ھەرێم بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند لەمەودوا ھەوڵی تەواو ئەدرێت خانەنشینان لەبەر خۆرو سەرما و گەرما نەوەستن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان و لەشوێنی شیاو و بەبێ دروستبونی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ مووچەکانیان وەرگرن جگە لەوەش لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی ڕێککەوتون لەکاتی وەرگرتنی مووچە چەند خزمەتگوزاریەک پێشکەش بەخانەنشینان بکرێت وەک پشکنینی فشاری خوێن و شەکرەو چاو و چەند پشکنینێکی تری تەندروستی.

بەپێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز لەئەنجامی جێبەجێکردنی سیستەمی نوێ ئەلکترۆنی چەندین کەیسی بەھەدەردان و گەندەڵی لەموچەی خانەنشیان ھەبوە کە بەشێکیان ئەو خانەنشینانەن کە ساڵانێکە کۆچی دواییانکردوەو وارسیان نەبوەو موچەکانیان لەلایەن خەڵکی نەناسراوەوە وەرگیراوە بۆئەومەبەستە ڕێوشوێنی یاسای دەگیرێتەبەرو لەمەودواش بەھۆی سیستەمە نوێکەوە ئەو دیاردە نامێنێت و بنەبڕ دەکرێت.