بەغداد دەرمان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دابین دەکات

2022-05-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی تەندروستی عێراق نوسراوێکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە مەبەستی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی.

بەپێی نوسراوێک کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە بە دابینکردنی بڕی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەی ھیوا و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، " دەرمان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دابین کرا."

دەشڵێت، " بۆ نەخۆشخانەی ھیوا لە ١٤ی ئەم مانگە داوای دەرمانمان لەوەزیری تەندروستی عێراق کرد، ٢٤ی مانگ بڕیاری دابین کردنی دەرمانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە، سوپاس بۆخوا ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت."

پێشتریش، دەستەی داکۆکی لە نەخۆشخانەی ھیوا رایگەیاند، کەمپینێک پێکدەھێنێت بۆ پشتیوانی لە نەخۆشخانەکە و گوشار خستنە سەر ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق.

لە ١٧ی ئەم مانگەش، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نەخۆشخانەی ھیوا فراکسیۆنی یەکێتی نوسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.