لە سبەینێوە زانکۆلاین بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بۆ دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی کارا دەکرێت

20/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

لە سبەینێ وە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ زانکۆلاین بۆ دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی کارا دەکرێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، وەزارەت بەرپرس نییە لەھەر ھەڵەیەکی پڕکردنەوەی زانکۆلاین لە سەنتەرە نارەسمییەکان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، رۆژی شەممە ٢١ی ئەیلول سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و پیشەیی تا ٣٠ی ئەیلول کارا دەکرێت.

راشیگەیاندووە، دەرچوان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، ھەروەھا دەرچوان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ، ھەروەھا دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی روونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتیی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بە ‌سیستمە جیاوازەکان.

خوێندنی باڵا داوا لە دەرچوان دەکات، ھەوڵبدەن خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە رەسمی نین و وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکان.

باسی لەوەشکردووە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، لەبەرئەوە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاریبکەن کە ئارەزووی دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن.

لە کۆتایدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە ھەبوونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، رایگەیاند، ستافی وەرگرتن ھیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندیی وەرگرتن یان ھەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی رەسمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەم ناونیشانە: 

 (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).