بۆردومانێکی ئیسرائیل لە باشوری بەیروت ١٢ کوژراو و ٦٦ برینداری لێکەوتەوە

20/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

بەھۆی ھێرشێکی ئیسرائیل لە باشووری بەیروت ژمارەیەک ھاووڵاتی کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەسی تریش برینداربوون، ئیسرائیل دەڵێت ١٠ لە کوژراوەکان سەرکردەی حزبوڵان.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەکی باشووری لوبنان، ١٢ کەس کوژران کە پێنجیان منداڵن و ٦٦ تریش برینداربوون.

ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ١٠ کەس لە کوژراوەکان سەرکردەی حزبوڵان کە یەکێکیان ئیبراھیم عەقیلە کە بە باسم تەحسین ناسراوە و لێپرسراوی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی حزبوڵا بووە بەیەکێک لەسەرکردە دیار و کاریگەرەکانی حزبوڵاش دادەنرێت.

لە بەرامبەریشدا حزبوڵای لوبنانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، راستەوخۆ دوای ئەو ھێرشەی ئیسرائیل، ھێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و بە مووشەکی کاتیۆشا بنکەیەکی سەرەکی بەرگری ئاسمانی و بارەگایەکی تایبەت بە تانک و زرێپۆشی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.