ماوەی چەند رۆژێکە دوو ھەزار و ٤٠٠ عومرەکاری کورد لە سعودییە گیریانخواردووە
مەریوان عەبدوڵا
ماوەی چەند رۆژێکە نزیکەی ٢٤٠٠ عومرەکاری کورد لە سعودییە گیریان خواردووە و ناتوانن بە فڕۆکە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێمیش دەڵێت، کێشەی ئەو عومرەکارانە بۆ راگرتنی گەشتەکانی ھێڵی ئاسمانی عیراق و سعودییە دەگەڕێتەوە.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە نزیکەی دوو ھەزار و ٤٠٠ عومرەکاری کورد، لە سعودییە گیریانخواردووە و ناتوانن بە فڕۆکە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری کێشەی ئەو عومرەکارانە، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی عیراق و راگرتنی گەشتەکانی ئەو ھێڵە ئاسمانییە بۆ سعودییە دەگەڕێتەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ھەرێم راشیگەیاند، لەئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لە ئەگەری بەردەستنەبوونی رێگەی ئاسمانیش، ئەو حاجییانە بە رێگەی وشکانی و بە پاس دەگەڕێنرێنەوە.
|