ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل گەیشتە ٣٥٢ سەرباز

09/11/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ ٣٥٢ سەرباز بەرزبووەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ژمارەی کارمەندە کوژراوەکانی گەیشتووەتە ٩٩ کەس.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا شەش سەربازی سوپاکەی کوژراون، بەوەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بۆ ٣٥٢ سەرباز بەرزبووەتەوە کە تەنھا ٣٢ سەربازیان لە ئۆپراسیۆنی زەمینیدا کوژراون، ھەروەھا ژمارەی کوژراوانی مەدەنی ئیسرائیلیش بۆ زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە پێنج ھەزار کەس بەرزبووەتەوە.

ھاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەری ئیسرائیل و حەماس چەندینجار تیمەکانیان کراونەتە ئامانج و بەوھۆیەوە ٩٩ کارمەندیان کوژراون.

ھاوکات، ئاژانسی ھەواڵی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا و نەسریان لە رۆژئاوای غەززە بۆردومانکردووە، بەھۆیەوە سێ فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسی دیکەش کەسیش بریندار بوون.

تەندروستی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ھەزار و ٦٠٠ کەس و برینداربوونی نزیکەی ٢٧ ھەزار کەس کە زۆرینەیان منداڵن.