کوردستان

راکان جبوری بەشێوەیەکی ناروون دەیان ملیار دیناری خەرج کردووە


لەگەڵ درێژەدان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تەعریب، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بە شێوەیەکی نا روون دەیان ملیار دیناری خەرج کردوە و لیژنەی پرۆژەکان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش ئاگاداری چۆنێتی سەرفکردنی ئەو پارەیە نین.

لە دوای ریفراندۆمی ساڵی پارەوە، راکان سەعید جبوری بە وەکالەت بۆتە پارێزگاری کەرکوک.

لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتوە، سەرنج و تێبینی زۆر لەسەر راکان سەعید جبوری دروست بووە، بە تایبەتی لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە، کە کاری کردوە لەسەر قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت کاری لەسەر ئەوەش کردوە کە ناکۆکی نەتەوەیی لە نێوان کەرکوکییەکاندا بوروژێنێت.

ئێستاش، سەرباری ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەری ھەن لە رووی سیاسییەوە، وردە وردە زانیاری لەسەری ئاشکرا دەبێت کە دەیان ملیار دیناری بە شێوەیەکی نا روون کە بۆنی گەندەڵی لێدێت، خەرج کردوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردسات نیوز کەوتوە، لە رۆژانی رابردوودا بری ٧١ ملیار دینار لە پارەی پترۆدۆلار و پەرەپێدانی ھەرێمەکان گەشتۆتە کەرکوک و سەرف کراوە، بەڵام لیژنەی پرۆژەکان و ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو پارەیە نین.

ئەمەش لە کاتێکدایە چەند مانگێک بەر لە ئێستا بڕی ٤٣ ملیاری دیکە بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتۆکانی دەستی داعش گەشتە کەرکوک بەڵام ئەوە بڕەش بەھەمان شێوە ون بوو.





4 ڕۆژ پێشتر - Nov 9 2018 9:27PM
Print Friendly and PDF
زیاتر