مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەری ھەموو ساڵێک، رۆژی ھاتنە کۆڕی خەباتی ژنانە دژ بە ستەم و نادادی و جیاکاری و چەوساندنەوە و توندوتیژی.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان...
رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەری ھەموو ساڵێک، رۆژی ھاتنە کۆڕی خەباتی ژنانە دژ بە ستەم و نادادی و جیاکاری و چەوساندنەوە و توندوتیژی، ئەو رۆژە بووەتە سیمبل بۆ ژنان تا لەرێگەیەوە لەسەرتاسەری دونیا، وەک بۆنەیەکی رەسمی چالاکی و گردبوونەوە بکرێت، گوزارشت لە داواکاری و پەیامە یەکسانخوازەکەی ژنان بکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمی ئەم رۆژی دیاریکردووە و بۆنەکەش ھەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە کاریگەریان بەسەر ژنانەوە ھەیە بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک (نایەکسانی و جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی و دەرونی ،دەستدرێژی سێکسی، بازرگانی کردن بە ژنان و خەتەندەکردنی مێینە...ھتد)
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، وەک حزبێکی سۆشیالیست دیموکراتی و پێشکەوتنخوازی دەربەست بۆ خەمی کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بڕوای پتەوی بە خەباتی ژنان و یەکسانی و نەھێشتنی جیاکاری و ستەم ھەیە، لەسەر ئەم دیدە کە بەشێکە لە رێبازە دروستەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت، لە پێناو ئەوەی ژنان بگەن بە مافەکانیان و جیاکاری بنەبڕ بکرێت و وڵات لەسەر پرنسیپی وەک یەکی و یەکسانی بینابکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە بنەمای یاسایی یۆ مافەکانی ژنان دابندرێت و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێ کردنییەوە.
سەرکەوێ خەباتی ژنان دژی توندوتیژی و پایەدار بێت کوردەوارییەکی دروست و چوون یەک لە سایەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەوەریدا
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان
٢٥/١١/٢٠٢٣