سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان تاکو کۆتایی بە حەماس دەھێنن، وتیشی، پێویستە ئەمریکا لەگەڵیان بێت بۆ لەناوبردنی حەماس، ھاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ھۆشداریی بە حزبوڵای لوبنانیدا لە بەشداریکردنی لە جەنگەکەدا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش لەگەڵ وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی رایگەیاند، ھیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لە سەرکەوتن و ناشوەستن تاکو کۆتایی بە حەماس دەھێنن و سەرجەم رفێندراوەکانی ئیسرائیل دەگەڕێننەوە، وتیشی، ئاشتی و ئاسایش دوای لەناوبردنی حەماس دەستپێدەکات و پێویستە ئەمریکا بۆ لەناوبردنی حەماس لەگەڵیان بێت.
لە بەرامبەردا یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ھێزەکانیان بەرەی باکوور چۆڵ ناکەن و لەو بەرەیەوە ئامادەن بۆ ھەموو ئەرکێک، ھەروەھا وتیشی، حزبوڵا یاریی بە ئاگر دەکات و ئەگەر حەسەن نەسروڵا ھەڵەیەک بکات خەڵکی لوبنان ھەمان چارەنووسی خەڵکی غەززەیان دەبێت.