جیهان

زریانی فلۆرێنس گەیشتە چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەمریکا


زریانی فلۆرێنس دەگاتە ناوچەکانی کەنداوی خۆرھەڵاتی ئەمریکا و سەرباری ھۆشدارییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بەڵام ھێشتا ژمارەیەک ھاووڵاتی ماڵەکانیان جێنەھێشتووە.

رۆی کووپەر، پارێزگاری باکووری ویلایەتی کارۆلینای ئەمریکا زریانەکە بە "مێژوویی" ناودەبات، حکومەتی ئەمریکا لە رۆژانی رابردوودا دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە ئەگەری گەیشتنی زریانەکەیان ھەیە ئاگادارکردووەتەوە کە ماڵەکانیان جێبھێڵن و روو لە ناوچە ئارامەکان بکەن.

سەرەڕای چەندجارێک ئاگادارکردنەوە، بەڵام ھێشتا زۆرێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە و ڕەتی دەکەنەوە کە شوێنەکانیان جێبھێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٦٠،٠٠٠ ماڵ و شوێنی کار بێ کارەبان و ڕێژەی مەترسییەکانی زریانەکەش لەزیادبووندایە.

زریانەکە بە خێرایی ٩٠کم لە کاتژمێرێکدا بەرەو ناوچەکانی ئەمریکا دەچێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو و روودانی کارەساتی بەدواوەیە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش زیاتر لە یەک ملیۆن لە دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و باشووری کارۆلینا و ڤێرجینیا فەرمانیان پێکراوە کە ماڵەکانیان جێبھێڵن.

شەوی ڕابردوو ھەزارەھا ھاووڵاتیی لە کەنداوەکانی کارۆلینای ئەمریکا لە ھەوڵی دابینکردنی پەناگەیەکدا بوون.

لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆشدا، سەنتەری نەتەوەیی زریانەکان لە ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە کە خێرایی با کەمبووەتەوە، لەو پێنج پلەیەی بۆ بەھێزیی زریانەکە دانراوە، لە ئێستادا زریانەکە لەو ناوچەیەدا لە پلەی یەکەمدایە.



2 مانگ پێشتر - Sep 14 2018 9:20AM
Print Friendly and PDF
زیاتر