وتار
یەکێتی لە پێگەی بەھێزەوە
فوئاد ئەحمەد
ئازادی و ئازادیی رۆژنامەگەری

ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و رێکخستنی بواری میدیا و راگەیاندن لە بەرنامەی ھەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمان یەکێک بوو لە دروشم و داخوازییە سەرکیەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و لە چەند شوێنێکی بەرنامەکەی و بە ئامانجی جیاواز گوزارشتی لێکردووە، سەرەتا لە داواکردنی دابینکردنی ئازادی بۆ کۆمەڵەو رێکخراوە سیاسیەکان دەستیپێکردووە و وتویەتی:»دابینکردنی ئازادی و دیموکراسی بۆ ھەموو کۆمەڵە و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و پیشەییەکان، ئەوانەی بروایان بە سەرەتا دیموکراسیەکان ھەیە و بۆ بڵاوکردنەوەی بیروراو سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان زۆر و ستەم بەکارناھێنن» و دواتر ھاتووەتە سەر گرنگیدان بە بواری رۆژنامەگەری و رایگەیاندووە:» بایەخدان بەرۆژنامەگەری کوردی بەدامەزراندنی دەزگای ئازاد بۆ دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤاری جۆراوجۆر ھەمەرەنگ کە مێشکی خوێنەران بە خۆشەویستی گەل و نیشتمان و ئازادی دیموکراسی و مرۆڤپەروەری گۆش بکاو ئاسۆی زانیاریان لەبوارەکانی زانست و ئەدەب و ھونەردا فراوان بکات «.
یەکێتی وەک ھەمیشە بەڵێنەکانی لە داخوازی و دروشمەوە گواستووەتەوە بۆ کردار و لەیەکەم کارنامەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرد، لە بەشی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ ھەوڵەکانی حکومەتی بەم شێوەیە بەیان کردووە:
-ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو یاسا ئیستیسنائیەکان کە لەلایەن رژێمەوە دەرچوون بۆ چەسپاندن و پاراستنی دیکتاتۆریەتی خۆیی و بۆ لەناوبردنی گیانی رزگاریخوازی لەکوردستاندا.
-دابینکردنی مافی ئازادی بیروباوەر:سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی،مەزھەبی،رۆژنامەگەری، حزبایەتی، نەقابی.
کارنامەی حکومەتیش نابێ بەکردار و جێبەجێ نابێت ئەگەر لە چوارچێوەی یاسایەکدا جێگای نەکرێتەوە، بۆ ئەمەش یەکێتی لەرێگای تیمەکانی لەحکومەت و پەرلەمان رۆڵی سەرەکیان بینی لەئامادەکردن و بڕیاردان لەسەر یاسای چاپەمەنی ژمارە ١٠ ساڵی ١٩٩٣ لەوێشدا ئەو بەندە جێگیر کرا کە رێگە بە چاودێری نادات بخرێتە سەر چاپەمەنی و تیایدا ھاتووە « چاودێری (رەقابە)لە ھەرێمدا ناخرێتە سەر چاپەمەنی و ھەر ھاوڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی ھەر چاپەمەنییەک «، لەگەڵ چەندین ماددەو برگەی تر کە ئەوکات شۆرشێک بوو لەبواری ئازادی رادەربڕین.لێرەدا ناکرێت لە دەرکرنی ئەم یاسایە ھەول و کۆششی وەزیری رۆشنبیری ئەوکات رەوانشاد و شاعیری مەزنی گەلەکەمان شێرکۆ بێکەس نادیدە بگرین.
یەکێتی ھیچ کات لە دروشم و داخوازی و بەڵێنەکانی غافل نەبووە ھەمێشە ھەر دەرفەتێک ھاتبێتە پێشەوە ھەوڵی ئەوەی داوە داخوازیەکانی جێگا بکاتەوەو بەڵێنەکانی بکاتە کردارو جێبەبەجێیان بکات، ھەر بۆیە کاتێک پرۆژە یاسای رۆژنامەگەری ھاتە بەردەستی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٠٧ کە ئەوکات سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەست یەکێتییەوە بوو، جارێکی تر تیمەکەی یەکێتی لە پەرلەمان و بەتایبەتێش جەنابی سەرۆکی پەرلەمان بەرێز عەدنان موفتی لەرێگای چەندین دیداری جیاواز لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنوسان و سەرنوسەری رۆژنامەکان و رۆژنامەنووسە ئازادەکان، رۆلی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی بینی لە دەرکردنی یەکەمین یاسای رۆژنامەگەری لەھەرێمی کوردستان.
کاتێکیش پرۆژە یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری لە خولی سێیەمی پەرلەمان ھاتە پێشەوە ئەوکاتیش سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەست یەکێتییەوەبوو، جارێکی تر یەکێتی و تیمەکەی لەپەرلەمان بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە سەرچاوەی پرۆژەکە لەکوێوەیە وەک خاوەنی پرۆژەکە کۆششیان کردو جەنابی سەرۆکی پەرلەمان د. ئەرسەلان باییز سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی راسپارد لە رێگای وۆرکشۆپ وسیمینار و دیبەیت لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بیرورای رۆشنبیران و پەیوەندیداران بۆ پرۆژەکە کۆبکەنەوە، تا پرۆژەکە بوو بە یاساوبەمەش یەکەم یاسای مافی بەدستھێنانی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان دەرچوێنرا.
لە ئێستادا ھەوڵەکانی یەکێتی لە بواری ئازادی رۆژنامەگەری بەری گرتووەو ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٣٠٠ کەناڵی بینراوو بیستراوە لەنێویاندا چەندین کەناڵی ئاسمانی بەتەکنیکی بەرزەوە کاردەکەن و ھیچ سانسۆرێکیان لەسەر نیە، لە بواری بە ئەکادیمی کردنی راگەیاندنیش بۆ یەکام جار لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سلێمانی پەیمانگای راگەیاندن بەپشتیوانی حکومەتی ھەرێم ئیدارەی سلێمانی کرایەوەو لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٤ بەشە کۆلێژی راگەیاندن و ٣ پەیمانگای راگەیاندنە.
لە ئێستاشدا بواری راگەیاندن و رۆژنامە گەری قسەی زۆری لەسەرەو جۆرێک لە فەوزا لەناو بوارەکەدا ھەیە، بۆیە بۆ قۆناغی داھاتوو پیویست دەکات یەکیتی وەک چۆن لە رابردوو کۆششی کردووە تا ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین بە یاسا فەراھەم بکات، بە ھەمان شێوە بەرنامەی ھەبێت بۆ جارێکی تر رێکخستنەوەی بوارەکە، بەھەموارکردنەوەی یاساکان ئەگەر کەموکوری لەیاساکان ھەبێت، یانیش بەدەرکردنی یاسای تازە، لە ھەمووشی گرنگتر لەرێگای تیمەکە لە پەرلەمان بەدواداچوونی جددی بکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکان.

سەرچاوەکان:
١.رۆژنامەی کوردستانی نوێ. ژمارە ٨١ لە ١/٥/١٩٩٢ ، بەرنامەی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردی یەکەمین خولی پەرلەمان.
٢.کارنامەی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
٣.مالپەری ئاوێنە، جاوپێکەوتنی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری:
https ://www .awene.com/٢٠١٧/١٢/١٠/٧٠٢٧١/١٨-٩-٢٠٨
٤.ماڵپەری پەرلەمانی کورردستان: perleman.org
٥.یاسای چاپەمەنی ژمارە ١٠ ساڵی ١٩٩٣
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/23/2018 3:23:13 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...