وتار
یەکێتی لە خەباتی پەرلەمانیدا
فوئاد ئەحمەد
لە پێگەی بەھێزەوە
١

کاتێک لەھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی نیشتمانی ژمارەی کورسیەکانی دابەزی و بوو بە ١٨ کورسی، ئەو کات لەھۆڵی پەرلەمان و لەیەکەم دانیشتنی ئەو خولە بیرم لەو سزا قورسەی خەڵکی کوردستان دەکردەوە کە ھی یەکێتیاندا، بەقبوڵکردنی ئەوەی، ئەوە یەکێتیە کارو خەباتی کردووە خەڵکی ئازادانە رای خۆیان دەربڕن و ھەموو ئەو ھێزو لایەنانە سزا بدەن کە رۆژێک لەرۆژان لەھێڵی خزماتکاری خەڵکی لادەدەن. لەگەڵ ئەوەش بەبەراورد بەو مێژووەی یەکێتی ھەیەتی لەدامەزراندنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی لەھەرێمی کوردستان سزاکەم بەقورسزانی و بیرم لەوە کردەوە ئەم چوارساڵە کارلەسەر ئەم مێژووە بکەم تا بەبیر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جەماوەرو دۆست و لایەنگرو ئەندامانی یەکێتی بێنمەوە، کاتێک یەکێتی لەپێگەو مەکانەتی خۆی بوو:
- یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لەکوردستان ئەنجامدراو گەلی کورد بۆ یەکەم جار بووە خاوەن پەرلەمان و حکومەتی خۆی.

- لەبناغە دانانی یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەھەرێمی کوردستان کە حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، یەکێتی رۆڵی سەرەکی بینی بەو حسابەی پێکھێنانی یەکەم کابینەی حکومەت بە یەکێتی سپێردرا.
- ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لەبەرنامەی ھەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمان دروشم و داخوازی یەکێتی بوو، دواتر بەیاسایی کراو زۆرترین ئازادی بەیاسا فەراھەم کرا، کاتێک یەکێتی لەرێگای تیمەکانی لەحکومەت و پەرلەمان رۆڵی سەرەکیان بینی لەئامادەکردن و بڕیاردان لەسەر یاسای چاپەمەنی ساڵی ١٩٩٣ و یاسای رۆژنامەگەری و دواتریشیان یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری، کە ئەم دووانەی دوواییان لەسەردەمی سەرۆکایەتی یەکێتی لەپەرلەمان دەرچوون یەکێتی داینەمۆی پەسەندکردنی ھەردوو یاساکەبوو.

- ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم یەکێکی تربوو لە خاڵە سەرەکیەکانی بەرنامەی ھەڵبژاردنی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمانی و لەوێدا داوای کرددوە بەڵگە مێژوویەکان کۆبکرێنەوە بکرێنە پێوەر بۆ گێرانەوەی ئەم ناوچانە، ئەویش لەرێگای ریفراندەمێکەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات، ئەم داخوازیە دوای ١٣ ساڵ و لەساڵی ٢٠٠٥ لەدەیستوری عیراق بەھەمان ناوەرۆک جێگیرکرا.

- فیدرالی کە لەبانگەشەی ھەڵبژاردنی یەکەمین خوڵی پەرلەمان دروشم و داخوازی یەکێتی بوو، دواتر لەپەرلەمان دەنگی بۆ دراو بوو بەبڕیاری ھەموو گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان و لەدەستووری عیراقیش سەلمێنرا.

- مافی پێکھاتەکان لەیاساکارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان بەھەوڵ و ھیممەتی یەکێتی جێگای کرایەوەو سەرەتاکەی لەو بانگەشەیەی جەنابی مام جەلال دەستی پێکرد، کاتێک لەناو جەماوەری (کریستیان) لە قەزای سۆران و لەبانگەشەی یەکەم خولی پەرلەمانی رایگەیاند: ”دەبێ برا مەسیحیەکان لە ئەنجومەنی نیشتمانی نوێنەریان ھەبێت”. 

- ئەرمەن وەک پێکھاتیەکی تری ھەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمان کورسی کۆتای شایستە بەخۆیان پێدرا.

بەرھەمی یەکەم کابینەی حکومەتیش بریتی بوو لە:

- وەزارەتی دارایی خاڵە گومرگیەکانی رێکخستەوە.
- وەزارەتی دارایی موچەی فەرمانبەرانی بەشێوەیەکی رێکوپێک دابەشکرد کە ھیچ قەرزێکیان لەسەر حکومەت نەمێنی.
- بۆ ئەوەی خوێندنیش لەکوردستان بەردەوام بێت زانکۆی سلێمانی دھۆک کرانەوەو یارمەتی مانگانە بۆ خوێندکاران دابین کرا کە بۆ ئەوکات دەسکەوتێکی یەکجار گەورە بوو.
- دادگای تەمیز دانرا.
- بودجەی ساڵی ١٩٩٣ ئامادە کرا کە یەکەم بودجەی حکومەتی ھەرێمە.
- لەھەمووی گرنگتر بڕواو متمانە لەنێوان حکومەتی ھەرێم و جەماوەر لەسەر بناغەی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و بەرقەرابوونی یاساو رەفتاری ژیاری ھاوچەرخ بوو.
- حکومەت رۆڵی ھەبوو لە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان.
- ئەنجومەنی وەزیران مەیدانی تەبایی و ھاوکاری بوو نەوەک شوێنی ململانێ.
- پەیوەندی حکومەت و پەرلەمان لەگەڵ ئەو بێ تەجروبەییەش، پەیوەندیەکی تەندروست بوو لەسەر بنەمای لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

لەپاڵ ئەم تایتلە سەرەکیانەی سەرەوە، ژمارەیەک یاسای تر لەسەردەمیی سەرۆکایەتی یەکێتی لەپەرلەمان دەرچوون، کەلەدیارترین و گرنگترین یاساکانی ھەرێمی کوردستانن، بەپێوانەی ئەوەی ئەم یاسایەنە زۆرترین بوارەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و ماف و ئازادیەکانیان رێک دەخەن، مافی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کەمئەندامان بەیاسایی دەکرێت، ماف وئیمتیازاتی پێشمەرگەو ھێزە چەکدارەکان لەچوارچێوەی چەند یاسایەک جێگایان دەکرێتەوە، ماف کۆتا بۆ پێکھاتە جیوازەکانی ھەرێمی کوردستا بەیاسایی دەکرێت، کەرتە جیاوازەکانی ئابووریش دەخەنە سەر سکەی یاسایی خۆی، لەھەمووشیان گرنگتر لەرووی سیاسیەوەیە، کاتێک لەرێگای یاسایەکەوە پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت.

لەماوەی کارکردنمدا لەم پرۆژەیە بەرەچاوکردنی ئەو کاریگەریەی یەکێتی ھەیبووە لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەھەرێمی کوردستان و زۆربەشی بەقازانجی گشتی و لەبەرژەوەندی ھاولاتیان بووە، ئەوە دەخوازێت داوا لەخەڵکی کوردستان بکەین جارێکی تر متمانە بدەنەوە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و باری لاسەنگی ھێز لەھەرێمی کوردستان راستبکەنەوەو ھێزبدەنەوە بەر ئەو ھێزەی دەتوانی بەکردار نەک بەگوفتار ماف و ئیمتیازات و ئازادییەکانیان بپارێزێت و گەشەیان پێبدات. 

گرنگە ئەمڕۆش کاندیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشانازیەوە باسی ئەم مێژووە بکەن و وابکەن جارێکی تر خەڵکی کوردستان پێگەی شیاوی خۆی بداتەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا بتوانێت بەھەمان تینی جاران وزیاتریش کارو خزمەتگوزاری ئارامی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات.

سەرچاوەکان:

1. رۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ٥٦ لەرۆژی ٣١/٣/١٩٩٢
2. نامەی دەستلەکارکێشانەوەی د. فوئاد مەعسوم سەرۆکی یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێم لەدانیشتنی ژمارە ٢٤ رۆژی ١٧/٣/١٩٩٣ ی پەرلەمانی کوردستان.
3. یاسای چاپەمەنی ھەرێمی کوردستان ژمارە ١٠ی ساڵی١٩٩٣ کە لەدانیشتنی رۆژی ١٨/٤/١٩٩٣ ی پەرلەمان پەسەندکرا.
4. پرۆتۆکۆڵی ژمارە ٥١ ی ساڵی ١٩٩٩ دانیشتنی ژمارە ٢ ی رۆژی چوارشەممە ٢٥/٣/١٩٩٩ ی پەرلەمانی کوردستان.
5. رۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ٨١ ی رۆژی١/٥/١٩٩٢، یەکەمین بەرنامەی ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 
6. یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ١٩٩٩یاسای ھەمواری چوارەمی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/20/2018 1:18:11 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...