وتار
بۆچی ئارامی.. ھەلی کار.. خزمەت؟
جووتیار بەهادین حاجی سەفەر
ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، ھەر لایەنە بە دروشمی جیای جۆراوجۆرەوە درێژە بە ھەڵمەتەکە دەدات و خواستی بەدەستھێنانی زۆرینەی دەنگە، یەکێتیش وەک ھەر لایەنێکی تر بەدەر نییە لەو پرۆسەیەدا و لە ھەوڵی بەدەستھێنانی متمانەی دەنگدەراندایە، بەڵام بە شێوەیەکی مۆدێرن وسەردەمیانە، دوور لە یەکتر شکاندن و تێکدانی ئارامیی کوردستان، ئەمەش درێژکراوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ١٢/٥/٢٠١٨ یە کە ھەڵمەتێکی ئارام و دوور لە ژاوەژاو بوو.

لەم ھەڵمەتەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دروشمێک ھەڵمەتەکەی دەستپێکردووە کە بریتییە لە (ئارامی، ھەلی کار، خزمەت).

ئارامی؛ ئارامی لە کوردستاندا بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە ئێستاشدا ئەو ئارامییە لە ژێر مەترسیدایە، یەکێتیی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و لە ھەوڵی گەڕاندنەوەیدایە بۆ ناوچەکە و ھاوڵاتییان.

ھەلی کار؛ لە ماوەی ڕابردوودا رێژەی بێکاری ڕوو لە بەرزبوونەوە بووە، جا بە ھۆی خراپیی حکومڕانییەوە بووبێت یان قەیرانی دارایی ھیچ جیاوازییەکی نییە و لە کۆتاییدا ھاووڵاتییان لێی زەرەرمەندبوون، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدات و بە کارە لە پێشینەکانی خۆی داناوە، گرفتێکە دەبێت چارەسەر بکرێت.

خزمەت؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە و بەردەوام لە پێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و گەلەکەیدا باجی زۆری داوە و کۆڵی نەداوە، بۆیە ھەر وەک جاران بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە بە خوێنی گەش و گەنجانەوە بەڵێنی بەردەوامیی خزمەتکردن بە ھاووڵاتیان دەداتەوە و لەو ڕێیەشدا ئامادەی ھەموو جۆرە قوربانیدانێکە.

بە دۆزینەوەی ھەلی کار و خزمەتکردنی زیاتر لە کوردستانێکی ئارامدا، دووبارە ئاسودەیی ڕوو لە ھەرێمەکەمان دەکاتەوە و ھاووڵاتییان بەو شێوەیە دەژین کە شایستەی بن، کارەکانی پێشووتریشمان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ھەمیشە لە خەمی جێبەجێکردنی بەڵینەکانماندا بووین.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/16/2018 12:12:27 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
جووتیار بەهادین حاجی سەفەر