وتار
یه‌كێتى و پارتى چى بكه‌ن باشه‌؟
وریا حسێن
تائێستا ڕوانگه‌ى حكومه‌تى ئاینده‌ دیارنیه‌ چۆنه‌ و چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاسۆكه‌ى ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى ئاینده‌ ده‌بێت ڕوانگه‌یه‌كى ئابورى كراوه‌ى هه‌بێت، له‌ڕووى كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشى كه‌رتى گشتى و زیادكردنى كێشى كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌ویش له‌ كردنه‌وه‌ى بازاڕ به‌ڕووى (وه‌به‌رهێنانى بیانى) و گه‌شه‌دان به‌به‌رهه‌مى خۆماڵى، زیاتر به‌تایبه‌كردنى بازاڕى كار) له‌هه‌مووى گرنگتر ڕزگاربون له‌ سیستمى سۆسیالیزم كه‌ میراته‌كه‌ى له‌ڕژێمى پێشووه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌.

به‌بڕواى من وه‌كو ڕۆژنامه‌نوسێكى ئابورى، كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌لى ترى له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌رت تایبه‌ت به‌هێز بكات و حكومه‌ت بارى گوزه‌رانى خه‌ڵكى باشتر بكات، دۆخى كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان چاكبكات و هه‌لێكى باشتر بۆ پیشه‌سازى خۆراكى و گه‌شتوگوزاری دابین بكات.

ئه‌مه‌ به‌كابینه‌ى بنه‌كه‌ فراوان ناكرێت هاوشێوه‌ى كابینه‌ى شه‌شه‌م، به‌ڵكو به‌كابینه‌یه‌كى پێكه‌وه‌یى ده‌كرێت له‌نێوان (یه‌كێتى و پارتی)دا، چونكه‌ له‌ماوه‌ى چوارساڵى ڕابردوودا بینمان سروشتى كاره‌كه‌ش هه‌ربه‌وجۆره‌بوو كه‌ كه‌سى پاره‌دار ده‌توانێت خاوه‌ن قسه‌بێت، ئه‌گینا قسه‌ هیچى پێناكرێت.

بۆیه‌ گرنگه‌ یه‌كێتى پارتى هه‌ردوو ده‌زگاى وه‌به‌رهێنان و ئیداره‌ى گشتى خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و پاره‌كانیان بڕژێنه‌وه‌ ناو بازاڕه‌كان بیخنه‌ خزمه‌تى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌، هاوكات نه‌فه‌سێك له‌بازاڕیش دروستبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى تایبه‌تى خۆماڵى دروستبێت بوار بۆ كۆمپانیا داهێنه‌ره‌كان بێته‌ ئاراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت ڕێگا خۆش بكرێت بۆ هێنانه‌وه‌ى پاره‌ى ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ هه‌ڵتۆقیوانه‌ی له‌م قه‌یرانه‌دا كوردستانیان به‌جێهێشت و نه‌بوونه‌ پشت و په‌ناى خه‌ڵك.

بۆیه‌ زۆر بڕوام وایه‌... ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى له‌م قۆناغه‌دا ڕوانگه‌ى ئابورى خۆیان بۆ خزمه‌تكردنى كوردستان ڕوننه‌كه‌وه‌ و كارى بۆ نه‌كه‌ن، نه‌ كوردستان به‌هێز ده‌بێت و نه‌ هه‌لى كار و خزمه‌تیش دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ خۆیان خه‌ڵكیان له‌سه‌ر گۆشكردووه‌.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/25/2018 11:35:17 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...