وتار
لە جانتاکەی فەیگندا چی ھەیە؟
وریا حسێن
یەکێک لەو سیفاتە شازانەی کە لە سەرقونسوڵی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (فەیگن) ھەیەتی لەم سەرەتای دەستبەکاربوونەیەوە زۆر چالاکانە کاردەکات، بەپێچەوانەی کینگ رۆسەوە چالاکانە سەردانی دامەزراوە ئابورییەکان دەکات.
بۆم ڕوون نییە بەراستی فەیگن ھەر خۆی چالاکە یان تەبەنی سستمی نوێی ئەمریکا دەکات، بەڵام ئەگەر لۆژیکیانە بڕوانیت ھەردووکیانن.

بەبڕوای من، ئەمریکا لەعێراق و ھەرێمی کوردستانیش ھێشتاش نەیتوانیوە لەناو بازاڕی کاردا خۆی بدۆزێتەوە، ھەر بۆنمونە کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو ئیسکۆن مۆبیل کە دەتوانرێت بە یەکێک لە شادەمارەکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکی لەبواری نەوت وێنا بکرێت لەکوردستان سەرباری خەرجکردنی پارەیەکی زۆر نەیتوانی یەک بەرمیل نەوت سود لەنەوتی کوردستان وەربگرن، بەپێچەوانەوە روسنەفت زۆر سەرکەوتوانە توانی کەرتی نەوتی ھەرێم کۆنترۆڵ بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا ئێستا لەچوارچێوەی بازرگانی زۆر سنوردار خۆی دەبینتەوە یەکێکە لەوانە ئۆتۆمبێلە، بەڵام لەکوردستان خەڵک کەمتر بەلای ئۆتۆمبێلی ئەمریکا دەڕوات!، لەگەڵ ئەوەش چینەکان باشترین ھاوردەکارن تورکیەکان بازاڕی کوردستانیان قۆرخکردووە، ئێرانیەکان بازاڕی کوردستان بەھی خۆیان دەزانن، بەڵام وەبەرھێنە ئەمریکیەکان زۆر بەکەمی لەبازاڕی کوردستان دەبینرێن.

ئەوەی منیش ئاگادارم لەدوا پەیامی ئەمریکیەکان لە کۆنفراسی ئابوری وەبەرھێنەرانی کورد لە واشنتن ئەمریکیەکان تەنھا بەڵێنی ئەوەیانداوە تیمێک ڕەوانەی کوردستان دەکەن بۆ ڕڕھێنان بە قوتابیان لە بواری کشتوکاڵ.

ڕەنگە دووری کوردستان لەئەمریکاوە ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی ئەمریکی ئامادەیی لە کوردستان کەمبێت، بەڵام پاساوێکی بەھێز نیە بەڕای من ئەمریکیەکان زۆر باشتر لە ئێستا دەیانتوانی کار بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆیان لەبازاڕی کوردستان بکەن ھاوشێوەی دوبەی مامەڵەیەکی دروست بکەن بیکەنە سەنتەر بۆ گەشەپێدانی بازاڕە ئازاد، بەڵام نازانم بۆ ئەو کارەیان نەکرد بەئێستاشەوە!.

من نازانم جانتاکەی فەیگن وەڵامی ئەم شیکردنەوە و پرسیارانەی لایە ئان ئەویش وەکو رۆس کوردستان بەبێ وەڵام جێدەھێڵێت.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/7/2018 2:33:13 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...